فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا داوا دەکەن لە پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا ڕاوێژیان پێ بکرێت

سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا داوا دەکەن لە پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا ڕاوێژیان پێ بکرێت و ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانییان بکرێت.

هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، ستیفن کۆرنێلیوس، گوتەبێژی نووسینگەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیا پشتیوانی لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەکەن، بەڵام دەبێت ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا و ئۆکرانیا بکرێت.

ڕوونیشی کردووەتەوە، دەبێت سوپای ئۆکرانیا توانی پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی هەبێت، هاوکات هەر ڕێککەوتنێکی کاریگەری لەسەر ئەورووپا هەبێت، دەبێت بە ڕەزامەندی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ بکرێت.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئەو سەرکردانە پشتیوانی خۆیان بۆ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی دووپات کردووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە سەرکردەکان داوایان کردووە لە پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەبێت ڕاوێژی بە وڵاتەکە و ئەورووپا بکرێت.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لەو بارەوە لە زاری سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، پلانە ڕەشنووسەکەی ئەمەریکا بەبێ بەشداری ئۆکرانیا و ئەورووپا ئامادە کراوە، کە بەشێکی زۆری داواکارییەکانی ڕووسیا جێبەجێ دەکات لە وانەش دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە هەندێک ناوچە، کەلوپەلی سەربازی و کەمکردنەوەی قەبارەی سەربازی ئەو وڵاتە.

 
 
Fly Erbil Advertisment