بازرگانێکی ماددە هۆشبەر بە بڕێکی زۆری کاپتاگۆنەوە دەستگیرکرا
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی عێراق ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە تێیدا ئاماژەی داوە، لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر حەبی کاپتاگۆندا بگرن.
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی عێراق, ئەمڕۆ هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕایگەیاند، لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار توانیویانە بازرگانێکی ماددە هۆشبەر بە بڕێکی زۆری حەبی کەپتاگۆن دەستگیر بکەن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی کردووەتەوە، بە فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی و بە هەماهەنگی فیرقەی 10ی هێزی پیادە، لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری، دوای بەدواداچوون و چاودێری لە بۆسەیەکدا بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای پارێزگاکە توانرا بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر و وردە فرۆشێکی ماددەکان بە بڕێکی زۆری حەبی کەپتاگۆن دەستگیر بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی ڕاگەیەندراوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کردووەتەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە بڕی ئەو ماددەی هۆشبەرەی دەستیان بە سەر داگرتووە نەداوە و سەرچاوەی هێنانی بۆ سنووری عێراقیشی ئاشکرا نەکردووە، تەنیا ڕایگەیاند، دەستگیرکراوەکان و ماددە هۆشبەرەکانیان ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کردووە.
