ڕۆیتەرز وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی نهێنیی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا لە میامی ئاشکرا دەکات
بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەیەکی سێ ڕۆژە لە میامی بەڕێوەچووە، کە تێیدا نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا بە نهێنی دیدارێکیان کردووە؛ کۆبوونەوەکە بەبێ ئاگاداریی بەشێک لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجام دراوە و تێیدا پلانێکی ئاشتی تاوتوێ کراوە، ئەمەش بەرپرسانی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکا کە لە نێوانیاندا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ کیریل دمیتریێڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بۆ وەبەرهێنان و هاریکاریی ئابووریی لەگەڵ وڵاتان و سەرۆکی سندووقی وەبەرهێنانی ڕووسیا لە میامی لە هۆتێلێکی ئەمەریکا بە نهێنی کۆبوونەتەوە. کە سێ ڕۆژی خایاندبوو.
دوو سەرچاوە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەو 28 خاڵەی لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا هەفتەی ڕابردووە لە لایەن پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاو کرایەوە، لە ئەنجامی ئەو کۆبووەنەوە نهێنییەی بووە.
بەشێکی زۆر بەرپرسەکانی ئەمەریکا بە پلانەکە شۆک بوون، هاوکات ئۆکرانیا و وڵاتە هاوپەیمانەکانی ڕەخنەیان لە پلانەکە گرت، بەوەی بەشێکی زۆر داواکارییەکانی ڕووسیا جێبەجێ دەکات.
هەروەها ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا نیگەرانی خۆیان لەو کۆبوونەوەیە نیشان داوە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکا بووەتە مشتومڕ لەسەر ئەو بابەتە، بە تایبەت کە کیریل دمیتریێڤ لە ساڵی 2022 خراوەتە لیستی سزاکان. هەروەها بەرپرسەکان لەوە نیگەرانن کە داڕشتنی پلانەکە لە بەرژەوەندی ڕووسیادایە و داواکارییەکانی وەک ئەوەی ئۆکرانیا دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی بێت لە ڕۆژهەڵاتی وڵات، دان بە کریمیا بنێت وەک بەشێک لە ڕووسیا و بەڵێن بدات نەچێتە ناتۆوە لە خۆ دەگرێت.
ئەو ئاژانسی ئەمەریکییە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی داوە، هەفتەی ڕابردووە ڕۆستەر عومەرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا لە ئەمەریکا بووە و لەگەڵ ویتکۆف کۆبووەوتەوە و لە پلانەکە ئاگادار کراوەتەوە، هاوکات پێشتر واشنتن لە ڕێگەی تورکیا پلانەکەیان پێ دراوە.
کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، هەر پلانێکی ئاشتی دەبێت گەرەنتی ئاسایشی و ئەمنییەتی ئۆکرانیا، ئەورووپا و ڕووسیا بکات، هاوکات ببێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری هەر دوو وڵات.
دوو بەرپرس ئاگادار لە پلانەکە ڕایانگەیاند، تەنانەت زۆرێک لە بەرپرسانی باڵا لە وەزارەتی دەرەوە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە پلانەکە ئاگادار نەکرابوونەوە.هەروەها کیس کێلۆگ، نێردەی تایبەتی بۆ ئۆکرانیا، ئەویش لەو گفتوگۆیانە دوور خراوەتەوە، تەنانەت گومانێکی زۆر لەوە دەکرێت، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە ئاگاداری ئەو بابەتە بووبێت.
کیریل دمیتریێڤ، پێشتر چەندین جارە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف کۆبووەتەوە و بە یەکێک لە کاریگەرترین کارەکتەرەکانی پەیوەندی نێوان واشنتن و مۆسکۆ دادەنرێت، بە تایبەتی کە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا متمانەیەکی زۆری پێیە.
هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆی باسی پلانی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا نەکردووە، چونکە کیێڤ دژی ئەو پلانەیە.
گوتیشی: لەو باوەڕەم ئەو پلانە بەردی بناغە بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاشتییەکی هەمیشەیی دادەنێت؛ هاوکات سەرۆکی ڕووسیا هۆشداریشی دا، ئەگەر ئۆکرانیا بە پلانەکە ڕازی نەبێت، ئەوا خاکی دیکەی زیاتری ئەو وڵاتە داگیر دەکەن.
سەرۆکی ڕووسیا ئاشکراشی کرد، وڵاتەکەی کۆپییەکی ڕەشنووسی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا بەدەست گەیشتووە؛ دووپاتیشی کردەوە، بۆ دانوستانەکان ئامادەن، بەڵام دەبێت بە وردی گفتوگۆ لەبارەی ناوەڕۆکی پلانەکە بکرێت.
هەروەها دوێنێ هەینی سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیا داوایان کردبوو، دەبێت لە پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا و ئۆکرانیا بکرێت و لە پرۆسەکە بەشدارییان پێ بکرێت.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو، پێنجشەممەی داهاتوو کاتێکی گونجاوە و دوا مۆڵەت بۆ کۆتاییهێنان بە پلانی جەنگی ئۆکرانیا دەبێت، گوتیشی: ئۆکرانیا خاک لەدەست دەدات و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیاش چیتر بە دوای خاکی زیاتر وە نابێت. دووپاتیش کردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا نیازی نییە سزاکانی سەر مۆسکۆ هەڵبگرێت.
هەروەها ڤۆلۆدیمێر، زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردبووە، پێشنیازی پلانێکی دیکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکەشی ئەمەریکا دەکەین، جەختیشی کردووەتەوە بە هیچ شێوەیەک خیانەت لە گەلەکەیان ناکەن.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوە ئاگادار لە بابەتەکە بڵاوی کردبووە، لە دواین گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و ئۆکرانیا، واشنتن هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی و زانیاریی هەواڵگریی بە کیێڤ کردووە، ئەمەش لە پێناو ئەوەی ئەو وڵاتە بە پلانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕازی بێت.
