ئیسرائیل غەززەی بۆردوومان کرد و ئەمەریکاش پشتیوانی دەکات
دەزگای بەرگریی شارستانیی غەززە ڕایگەیاند، حەوت کەس لە ئەنجامی سێ هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو کەرتە کوژراون، هاوکات سوپای ئیسرائیل لەو بارەوە دەڵێت: حەماس پێشێلکاری ئاگربەستی کردووە و ئێمەش وەڵاممان داوەتەوە.
شەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە شاری غەززە سێ کەس کوژراون، سێ کەسی دیکەش لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر خانوویەک لە دێر بەلەح و کەسێکیش لە هێرشی سێیەمدا لە ناوچەی نوسەیرات کوژراون.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەمڕۆ زنجیرەیەک "پێشێلکاریی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ڕوویانداوە، ئاماژەشی داوە، لە ڕووداوێکدا چەکدارێک لە ڕێڕەوی مرۆیی بە ئۆتۆمبێلێکەوە تەقەی لە هێزەکانیان کردووە و کوژراوە. هاوکات لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح و باکووری کەرتەکە، 5 چەکداری دیکە کە هەوڵی نزیکبوونەوەیان داوە، کراونەتە ئامانج و کوژراون.
باسی لەوەش کردووە، لە وەڵامی ئەم ڕووداوانەدا، سوپای ئیسرائیل دەستی کردووەتەوە بە بۆردوومانکردنی چڕی ئامانجەکانی حەماس لە سەرانسەری غەززە و جەخت دەکاتەوە کە وەڵامی دەستبەجێیان بۆ هەر هەڕەشەیەک دەبێت.
هەروەها ئەکسیۆس لەو بارەوە لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی لە هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل دەکات لە غەززە. کە چەکدارێکی حەماس لە ناوچەی سوورەوە چووەتە ناوچەی سەوز و هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی سوپای ئیسرائیل و کوژراوە
بەرپرسە ئەمەریکییەکە گوتیشی: هێرشەکە لە ناوچەی دەروازەیەکی هاوکاریی مرۆیی بووە کە بەم دواییانە کراوەتەوە. ئیسرائیل سیاسەتێکی هەیە و لەگەڵ نێوەندگیرەکان لەسەری ڕێککەوتووە، کە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست ڕووبەڕووی وەڵامی دەستبەجێ دەبنەوە.
هاوکات ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەک بە کەناڵی حەدەسی ڕاگەیاند: بزووتنەوەی حەماس، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاگادار کردووەتەوە، کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کۆتایی هاتووە و بزووتنەوەکە ئامادەیە بۆ شەڕکردن.
