ئێران.. لەباربردنی کۆرپەلە زیادی کردووە
سەرۆکی ڕێکخراوێکی پزیشکیی ئێران دەڵێت: لەباردنی کۆرپەلە زیادی کردووە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە توانیوومانە زیاتر لە 19 هەزار دایک لە لەباربردنی کۆرپەلەکانیان پەشیمان بکەینەوە.
محەممەد حوسێن زارعزادە، سەرۆکی ڕێکخراوێکی پزیشکیی ئێرانە و بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا'ی ڕاگەیاند "ساڵی 2021 کە پێشنیازی یاسای 'گەنجیی کۆمەڵگە' درا، سەرباری ئەوەی ژمارەی لەباربردنی کۆرپەلە لە وڵاتەکەماندا زیادی کردووە، بەڵام ڕێکخراوەکەمان لە پێناو سەرخستنی ئەو یاسایەدا، پلانێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی لەباربردنی کۆرپەلە دارشتووە."
سەرۆکی ئەو ڕێکخراوەکە، دەڵێت: تا ئێستا زیاتر لە 430 ناوەندمان لە سەرتاسەری وڵاتدا کردووەتەوە و بە خۆشحاڵییەوە توانیوومانە زیاتر لە 19 هەزار دایک کە بەنیازی لەباربردنی کۆرپەلەکانیان بوون، پەشیمان بکەینەوە.
هەر بە گوتەی خۆی لەم 19 هەزار دایکە، زیاتر لە 12 هەزار منداڵ لە دایک بوونە؛ ئەمەش بە ڕەنجی هەوڵ و تەقەللای ڕێکخراوەکەی دەزانێت.
یەکێک لە هۆ سەرەکییەکانی لەباربردنی کۆرپەلە لە ئێران، سەختیی بارودۆخی ژیان و گرانی و هەژاری بەشێکی زۆری خێزانەکانە، بە تایبەتی پاش جەنگی 12 ڕۆژە و دابەزینی بەرچاوی بەهای تومەنی ئێرانی، دۆخی ئابووریی زۆربەی دانیشتووانی ئێران، بەڕادەیەک بەرچاو سەخت بووە.
بە گوێرەی میدیاکانی ئێران و داتاکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، داهاتی مانگانەی کرێکار، یان فەرمانبەرێکی پلە ناوەند، کەمترە لە 20 ملیۆن تومەن لە مانگێکدا، لە کاتێکدا نرخی پێداویستییەکانی ڕۆژانە، بە ڕادەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرز بوونەتەوە و ئەو داهاتە مانگانەیە بەشی ژیانێکی کولەمەرگیش ناکات.
