سناپچات هەژماری بەکارهێنەرانی خوار 16 ساڵ ڕادەگرێت

دوای بڕیاری حکوومەتی ئوسترالیا بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا لەلایەن هەرزەکارانەوە، بەرنامەی سناپچات بڕیاری ڕاگرتنی هەژماری بەکارهێنەرانی خوار 16 ساڵانی ڕاگەیاند.

ڕۆژی دووشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2025، گوتەبێژی کۆمپانیای سناپچات ڕایگەیاند، ئەپڵیکەیشنی سناپچات لە ئوسترالیا دەستیکردووە بە پشتڕاستکردنەوەی تەمەنی بەکارهێنەرە هەرزەکارەکانی، چەند هەفتەیەک بەر لە وادەی جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی سۆشێالمیدیا بۆ کەسانی خوار تەمەن 16 ساڵ.

بڕیارەکەی حکوومەتی ئوسترالیا کە لە 10ی مانگی داهاتووەوە جێبەجێ دەکرێت، پلاتفۆرمەکانی سۆشیالمیدیا، لەنێوانیان فەیسبووک، ئینستاگرام و تیک تۆک، ناچار دەکات هەژماری بەکارهێنەرانی خوار 16 ساڵ بسڕنەوە، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە.

هەروەها کۆمپانیای سناپچات ڕایگەیاندووە: "لەم هەفتەیەوە دەست دەکەین بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و لە ڕێگەی ئاپەکەوە داوا لە زۆرێک لە بەکارهێنەران دەکرێت تەمەنیان دیاری بکەن بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت بەردەوام بن لە بەکارهێنانی سناپچات".

گوتەبێژی سناپچات دەڵێت "دەتوانن ئەمە ئەنجام بدەن لە ڕێگەی هەژمارێکی بانکی ئوسترالی، یان ناسنامەیەکی حکوومی، یاخود بە سکانکردنی ڕووخساریان کە لایەنێکی سێیەم مەزەندەی پۆلێنکردنی تەمەنەکان دەکات.

ئەپڵیکەیشنی سناپچات، وەک پلاتفۆرمەکانی دیکەی سۆشیالمیدیا، ئامۆژگاری بەکارهێنەرە هەرزەکارەکانی دەکات کە بە زووترین کات داتاکانیان دابەزێنن، چونکە ڕەنگە ئەنجامدانی ئەمە دوای جێبەجێکردنی بڕیاری داخستنی هەژمارەکانیان سەخت بێت بۆیان.

ئەپڵیکەیشنەکە جەختی کردەوە کە نایەوێت بە هیچ شێوەیەک ناوی بخرێتە لیستی قەدەغەکردنی ئوسترالیاوە، بەڵکو پابەند دەبن بە بڕیارەکە "وەک چۆن هەمیشە پابەندن بە هەموو یاسا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانەی کاری تیا دەکەن".

ڕاگەیەندراوەکە هۆشداریدا و گوتی: "جیاکردنەوەی هەرزەکاران لە هاوڕێ و خێزانەکانیان سەلامەتییان زیاد ناکات، بەڵکو ڕەنگە بیاننێرێت بۆ ئەپڵیکەیشنی نامە ناردنی کەمتر سەلامەت و تایبەت".

تا ئێستا،  10پلاتفۆرم، لەنێوانیان دیسکۆرد، واتسئاپ، لێگۆ پلەی و پینتەرێست، خۆیان لەوە دزیوەتەوە کە ناویان بخرێتە لیستی ئەم یاسادانانەوە بەڵام دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا مافی نوێکردنەوەی لیستەکەیان پاراستووە بەپێی پێویست.

دوای هەنگاوەکەی حکوومەتی ئوسترالیا، کریستۆفەر لوکسۆن سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا پڕۆژە یاسایەکی هاوشێوەی پێشکەش کردووە بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنەرانی سۆشیالمیدیا لەلایەن منداڵانەوە.

هەروەها ئەمساڵ حکوومەتی هۆڵەندا ئامۆژگاری دایکوباوکانی کردووە ڕێگری لە منداڵانی خوار تەمەنی 15 ساڵ بکەن، لە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکانی سۆشیالمیدیا وەک تیک تۆک و سناپچات.

لە ڕووی تیۆرییەوە، ئەم قەدەغەکردنە بە یەکێک لە توندترین بڕیارەکانی جیهان هەژمار دەکرێت، بەڵام هەندێک لە شارەزایان نیگەرانن لەوەی کە یاساکە تەنیا هێمایەکی بێت بەهۆی سەختی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی پشتڕاستکردنەوەی تەمەن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە کە دەکرێت ساختەی تیادا بکرێت. 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment