دەستەی گەشتوگوزار: دەرفەتی کار بۆ ڕێبەرانی گەشتیاری دەرەخسێنین

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، دەیانەوێت ڕێبەری گەشتیاری بەشێوەیەکی فەرمیی تۆمار بکەن و دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێنن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ساڵێک زیاترە کار لەسەر ئەوە دەکەین ڕێبەرانی گەشتیاری لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان دابنێین، پرۆسەکە دەستیپێکرد، مەرجی سەرەکی بۆ هەموو ڕێبەرەکان ئەوەبوو، دەرچووی بەشی گەشتوگوزاربن و جگەلە زمانی کوردی زمانێکی دیکە بزانن.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتیشی: دوای وەرگرتنی سەرجەم سیڤیەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ تەواوی ئەو کەسانەی سیڤیان ناردووە، بەداخەوە هیچ کەسێک ئەو مەرجانەی نەبوو، بۆیە داوامان لە بەڕێوەبەراتییەکان کرد، هەر کەسێک ئارەزووی هەیە ببێتە ڕێبەری گەشتیاری و دەستەی گەشتوگوزار باجی بۆ دروستدەکات و دەیناسێنێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لە سەرجەم بنکە و کۆمپانیا گەشتیارییەکان کارئاسانی بۆ دەکرێت و هەوڵی دۆزینەوەی ڕەخساندنی دەرفەتی کاری بۆ دەدرێت بەشێوەیەکی فریلانس کار بکات.

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، گرنگیەکی زۆر بە کەرتی گەشتیاری درا و ژمارەیەک پرۆژەی گەشتیاری ستراتیژی کرانەوە.

هەروەها لە کابینەی نۆیەم 80 پرۆژەی گەورەی گەشتیاری کراون، جیا لە سوودە گەشتیارییەکەی بووەتە هۆی ڕەخساندنی زیاتر لە 20 هەزار هەلیکار، 80%ـی زیاتر ناوخۆیین، هەروەها پرۆژەی بەنداوەکان و ڕێگاوبان لە گرنگترین ئەو پرۆژانە بوونە، گەشتیاری زیاتر ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment