نوێترین ڕاپۆرتی ئەمەریكا لەبارەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ؛ باسی عێراق و کوردستانیشی کردووە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە نوێترین ڕاپۆرتی 15 پەڕەییدا، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە جیهان کردووە و عێراقی لە ئاستی دووەمدا هێشتووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، حکوومەتی عێراق بەتەواوی پابەندی کەمترین پێوەرەکانی نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ نییە؛ چونکە ژمارەیەکی کەم گومانلێکراوی دادگایی کردووە و کەمترین قوربانیشی دەستنیشان کردووە. هاوکات، حکوومەت زانیاری و ڕاپۆرتی لەبارەی سزادانی بەرپرسانی تێوەگلاو لەم تاوانە نەخستووەتە ڕوو. جگە لەوەش، حکوومەت پەناگەی تایبەتی بۆ منداڵانی قوربانی نییە و توانای لەخۆگرتنی قوربانییانیشی سنووردارە.
سەبارەت بە لایەنی یاسایی، عێراق خاوەنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤە و سزای قورسی بۆ بازرگانیی سێکسی و کاری زۆرەملێ داناوە، بەڵام بەشێک لە سزاکان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان یەکناگرنەوە و هاوتای سزای دەستدرێژیی سێکسی نین.
لەبارەی ئامارەکانەوە، ساڵی 2024 لە عێراق 223 قوربانی دەستنیشان کراون؛ لەو ژمارەیە 106 حاڵەت بازرگانیی سێکسی و 117 حاڵەت کاری زۆرەملێ بوون. لە هەرێمی کوردستانیش 73 قوربانی تۆمار کراون، 25 حاڵەت بازرگانیی سێکسی و 48 حاڵەت کاری زۆرەملێ بوون. بەراورد بە ساڵی 2023، ژمارەی قوربانییان کەمتر بووەتەوە.
سەرەڕای تێبینییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بە زیادبوونی هەوڵەکانی حکوومەت داوە. هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی نیشتمانییان تەواو کردووە و لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی چەندان هەڵمەتی هۆشیارییان ئەنجام داوە. لەم چوارچێوەیەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024دا، 172 کۆمپانیای بەهۆی پێشێلکردنی مافی کرێکاران و کاری زۆرەملێ داخستووە.
لەلایەکی دیکەوە، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە و ڕێگەدان بە شووکردنی کچانی 15 ساڵ، ئەگەری لاوازبوونی کچان بەرانبەر مەترسییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ زیاد دەکات.
