ترەمپ بەنیازە ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ مادورۆ بکات

میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە ڕاوێژکارەکانی ڕاگەیاندووە بەنیازە لەم نزیکانەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا گفتوگۆ بکات. 

بەگوێرەی ماڵپەڕی (ئاکسیۆس)، ئەو پەیوەندییە چاوەڕوانکراوە هێشتا "لە قۆناغی پلانداناندایە" و هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ دانەنراوە.

ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمەریکاوە ئاشکرای کردووە، واشنتن ئێستا پلانی نییە ڤەنزوێلا داگیر بکات یان ئۆپەراسیۆن دژی مادورۆ ئەنجام بدات. ئەو بەرپرسە دەڵێت: "ئێستا کەس پلانی نییە ئەو بکوژێت یان بیڕفێنێت. ناتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات، بەڵام ئەمە پلانی ئێستا نییە".

لای خۆیەوە هەینیی ڕابردوو، مادورۆ داوای لە خوێندکارانی زانکۆی وڵاتەکەی کرد پەیوەندیی بە بزووتنەوە خوێندکارییەکانی ئەمەریکاوە بکەن و فشار دروست بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان، گوتیشی: "جەنگ ڕاگرن، نەخێر بۆ جەنگ، ڤەنزوێلا ئاشتی دەوێت".

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڤەنزوێلا ڕەت دەکاتەوە یان نا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "من هیچ بژاردەیەک ڕەت ناکەمەوە، دەبێت مامەڵە لەگەڵ ڤەنزوێلا بکەین. ئەوان سەدان هەزار کەسیان لە زیندانەکانەوە ڕەوانەی وڵاتەکەمان کردووە".

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، نیکۆلاس مادورۆ "زیانێکی گەورەی بە ئەەریکا گەیاندووە"، ئەمەش بە پلەی یەکەم بەهۆی "لێشاوی تاوانباران و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانەوە کە لە ڤەنزوێلاوە هاتوونەتە ناو ئەمەریکا".

 لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ناوچەکە جێگیرکردنی هێزێکی زۆری سەربازیی ئەمەریکای بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێزی دەریایی لەگەڵ هەشت کەشتیی جەنگیی دیکە و فڕۆکەی جەنگیی (F-35).

هەروەها لە دوو مانگی ڕابردوودا، هێزەکانی ئەمەریکا نزیکەی 20 ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر ئەو بەلەم و کەشتییانە ئەنجام داوە، لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلان و بانگەشەی ئەوە دەکرێت بۆ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بەکار دەهێنرێن. کاراکاس ئەم هەنگاوانەی بە "ئیستفزازی و هەوڵێک بۆ تێکدانی دۆخی ناوچەکە" وەسف کرد، هەروەها بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی دانا کە دەریای کاریبی وەک ناوچەیەکی بێچەک و داماڵراو لە چەکی ئەتۆمی دەناسێنن.

Fly Erbil Advertisment