دۆناڵد ترەمپ کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین دەخاتە لیستی تیرۆر
ڕۆژی دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، فەرمانێکی جێبەجێکاری واژۆ کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ ناساندنی هەندێک لقی ئیخوان موسلیمین وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی."
لە فەرمانە جێبەجێکارییەکەی ترەمپ دا هاتووە، ئەو پرۆسەیەی دەستپێدەکەن بریتییە لەوەی هەندێک لە لقەکانی ئیخوان موسلیمین بە ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی دادەنرێن، بەتایبەتی ئەو لقانەی لە لوبنان، میسر و ئوردن هەن.
لە فەرمانەکەدا باس لەوەشکراوە، هەندێک لە لقەکان ئاسانکاریی و توندوتیژیی بۆ تێکدانی سەقامگیریی دەکەن کە زیان بە ناوچەکە و بە هاووڵاتیان و بەرژەوەوندییەکانی ئەمەریکا دەگەیەنێت.
هاوکات باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی دانۆن ستایشی ئەم هەنگاوەی کرد لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی "ئەمە بڕیارێکی گرنگە نەک تەنیا بۆ ئیسرائیل بەڵکو بۆ وڵاتانی عەرەبی دراوسێش کە دەیان ساڵە بەدەست ئیخوانی موسلیمین دەناڵێنن ."
میسر ئەو کۆمەڵەیەی بە "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساند، هەروەها لە ساڵی 2013ەوە لە گۆڕەپانی سیاسی دووری خستووەتەوە، دوای ئەوەی کودەتا بەسەر محەممەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسردا کرا و عەبدولفەتاح سیسی هاتە جێگەی.
ئەم گروپە لە چەندین وڵات قەدەغەکراوە، لەوانە سعوودیە و بەم دواییانەش ئوردن.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئوردن هەموو چالاکیەکانی ئیخوان موسلیمینی لە وڵاتەکەی قەدەغەکرد و بارەگاکانیانی داخست و دەستی بەسەر سەروەت و سامانەکانیاندا گرت.
