ئاستی ئافرهتان بۆ بەڕێوەبردنی پۆستە حکوومییەکان بەرز دەکرێتەوە
ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە وەزارەتی ناوخۆ، پڕۆژەی پێگەیاندنی 100 ئافرەت لە بواری سەرکردایەتیدا جێبەجێ دەکات، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی ئافرەتانە لە بەڕێوەبردنی پۆستەکانی حکوومەتدا. پڕۆژەکە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەگرێتەوە و لە سنووری پارێزگای دهۆکیش 31 ئافرەت تێیدا بەشدارن.
یەکێک لە نموونە سەرکەوتووەکان، خەدیجە محەمەد، کە 12 ساڵە وەک بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی دهۆک لە کارەکەی بەردەوامە. لەم دامەزراوە خزمەتگوزارییەدا توانیویەتی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی بۆ پارێزگاکە جێبەجێ بکات و ببێتە جێی سەرنج، ناوبراو ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت لە پێدانی پۆستی گرنگ و کاریگەر بە ئافرەتان لە دامەزراوە حکوومییەکاندا.
خەدیجە محەمەد، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی دهۆک بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: "من وەک ئافرەتێک چەندان ساڵە لەم شوێنە کار دەکەم، هیچ ئاستەنگێک نەبووە، چ لە ڕووی تەکنیکییەوە بێت یان هاوکاری. لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکەش ڕێزگرتنێکی باش لە نێوانماندا هەیە. دەبینین ئافرەتانی ئێمە شایستەی ئەوەن کە پۆستی باڵاتر لە کارەکانیاندا وەربگرن."
بە دەیان ئافرەتی دیکەش لە پارێزگای دهۆک و هەرێمی کوردستان هەن کە پلە و پۆستی گرنگیان لە دامەزراوە حکوومییەکاندا پێ دراوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە پلەی باڵا بە ئافرەتان لەناو دامەزراوەکانیدا ببەخشێت.
پڕۆژەکە لەلایەن ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە، بۆ پێگەیاندنی 100 ئافرەت بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکانیان لە پۆستە سەرکردایەتییەکاندا. لەم پڕۆژەیەدا ڕاوێژکاران و پسپۆڕانی گەشەپێدانی مرۆیی بە شێوەیەکی تیۆری و پراکتیکی زانیاری بە بەشداربووان دەدەن.
ڤەگێر زێباری، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت: "مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم خولە بۆ ئافرەتان، بەرزکردنەوەی ئاستی لێهاتوویی و زانستییانە، تا لە داهاتوودا ئامادە بن پێگەی گەورەتر لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرن."
لە پارێزگای دهۆک 31 ئافرەت بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەشدارییان لەم پڕۆژەیەدا کرد، پێشتریش ٦٩ ئافرەتی دیکە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە بەشدار بووبوون، کە تێیدا بابەتەکانی سەرکردایەتیکردن، بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی مرۆییان پێ گوترایەوە.
هەیفا محەمەد، بەشداربووی خولەکە دەڵێت: "ئەم خولە وا دەکات ئافرەت ببێت بە سەرکردە لەناو کۆمەڵگە و خاوەن بڕیار بێت، ئەزموونێکی باشی هەبێت تاکوو بیگەیەنێت بە هاووڵاتییان و کۆمەڵگەی خۆی."
هەروەها سولاف ئامێدی، بەشداربوویەکی دیکە گوتی: "ئێمە حەز دەکەین پێشەنگ بین و پلە و پۆست و بەرپرسیارێتی بە ئافرەتانیش بدەن."
ئەم پڕۆژەیەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان بەردەوام دەبێت بۆ ئامادەکردن و دروستکردنی ئافرەتانی سەرکردە، تاکوو لە داهاتوودا سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستی باڵا لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا.
