توێژینەوەیەک: ڕۆژانە کێشانی پێنج جگەرە، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مردن زیاد دەکات

توێژینەوەیەکی ئەمەریکی ئاشکرایکردووە، جگەرەکێشان ئەگەر ناو بەناویش بێت دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی دڵ.

توێژەرانی سەنتەری جۆن هۆپکینز بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان ڕایانگەیاندووە، "کێشانی دوو تا پێنج جگەرەی ڕۆژانە، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مردن زیاد دەکات."

توێژەران ئەنجامی 22 توێژینەوەیان ئاشکرا کردووە، کە لەو توێژینەوانە لەماوەی 20 ساڵدا، چاودێری تەندروستی زیاتر لە 300 هەزار کەسیان کردووە.

توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری زانستی PLOS Medicine بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە، "ئەو کەسانەی ڕۆژانە لەنێوان دوو بۆ پێنج جگەرە دەکێشن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی 50% زیاترە و ئەگەری مردنیان بەراورد بەو کەسانەی جگەرە ناکێشن بە ڕێژەی 60% زیاترە."

توێژینەوەکە ڕوونیکردووەتەوە " دوای 10 ساڵ وازهێنان لە جگەرەکێشان، ڕێژەی مەترسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە، هەرچەندە زیانە تەندروستییەکانی جگەرەکێشان تا 30 ساڵ دوای وازهێنان بەردەوام دەبێت."

توێژەرانی بەشدار لە توێژینەوەکە ڕایانگەیاندووە، "جگەرەکێشان مەترسیی بەرچاو لەسەر سیستەمی دڵ و خوێنبەرەکان دروست دەکات."

باسیان لەوەشکردووە "ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر گرنگی وازهێنان لە جگەرەکێشان و بەرنامەکانی خۆبەدوورگرتن."

 
 
Fly Erbil Advertisment