ئەو کاندیدە دەرچووەی بانگەشەی دامەزراندنی لیوایەکی حەشدی شەعبی کردبوو؛ دوورخرایەوە
ئەو کاندیدە دەرچووەی بانگەشەی دامەزراندنی لیوایەکی حەشدی شەعبی کردبوو؛ لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دوورخرایەوە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسەندکردنی کاندیدێکی دەرچووی ڕێکخراوی بەدری لە پارێزگای بەغدا بە ناوی "موهەند خەزرەجی" هەڵوەشاندەوە بەهۆی پێشێلکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان.
بەگوێرەی نووسراوێک کە لەلایەن ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی کۆمسیارانەوە دەرچووە و واژۆی دکتۆر فەتاح محەممەد حوسێن سەعید، بڕیاردەری ئەنجوومەنەکەی لەسەرە، بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ، لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (46)ی ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە ڕۆژی 25ی تشرینی دووەمی 2025 دەرچووە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە ئەنجوومەنی کۆمسیاران گفتوگۆی لەسەر کۆنووسی لیژنەیەک کردووە کە بە فەرمانی وەزاری ژمارە (79) لە 16ـی تەمموزی 2025 پێکهێنراوە، و لە ئەنجامدا بڕیاریداوە بە:
یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی پەسەندکردنی کاندید (موهەنەد جەبار عەزاب سالم خەزرەجی) لەسەر لیستی ڕێکخراوی بەدر لە پارێزگای بەغدا، بەهۆی پێشێلکردنی بڕگەی سێیەمی ماددەی (7)ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان، ژمارە (12)ی ساڵی 2018ـی هەموارکراو.
هۆکاری هەڵوەشاندنەوەکە بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە بەربژێری ناوبراو مەرجی "باشیی ڕەفتار و هەڵسوکەوت"ی تێدا نەبووە، کە لە یاساکەدا هاتووە. هەروەها بڕگەی سێیەمی ماددەی (37)ی هەمان یاسا و ڕێساکانی هەڵسوکەوتی دەرچوو لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی پێشێل کردووە.
دووەم: بەشی ئۆپەراسیۆن و تەکنەلۆژیای زانیاری ڕاسپێردراوە بۆ بلۆککردنی ئەو دەنگانەی کە بەربژێرەکە لە ڕۆژی دەنگداندا بەدەستی هێناوە لە چوارچێوەی ئەو لیستەی کە خۆی لێ کاندید کردووە.
سێیەم: ئیدارەی هەڵبژاردنەکان ڕاسپێردراوە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.
چوارەم: بڕیارەکە لە ماڵپەڕی فەرمیی کۆمسیۆن بڵاودەکرێتەوە.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند، موهەند خەزرەجی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی دامەزراندنی لیوایەکی حەشدی شەعبی داوە و ناوی زۆر کەسی نووسیوە بۆ دامەزراندن؛ بەڵام دواتر دەرکەوتووە دروستکردنی لیواکە دوورە لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بانگەشەی بۆ کردووە و خەڵکیش باوەڕی پێ کردووە.
