کەرتی پەروەردە لە مەریوان قەیرانی باڵەخانەی هەیە
ساڵانێکە کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە شاری مەریوانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی دوو دەوامی قوتابخانەکان بووەتەوە و کاریگەرییەکی نەرێنی کردووەتە سەر ئاست و توانای فێربوون و زانستی قوتابیانی شارەکە لە هەموو قۆناغەکاندا.
سێشەممە، 25ی تشرینی دووەم 2025، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "لە کاتێکدا زۆربەی قوتابخانەی شار و گوندەکانی وڵات یەک دەوامیان تێدا دەکرێت، هێشتا لە مەریوان قوتابییان ناچارن بەهۆی کەمیی شوێنی خوێندنەوە، بە شێوەی دوو دەوامی و بە نۆرە بچنە قوتابخانە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی پەروەردە، زۆربەی قوتابخانەکانی مەریوان دوو دەوامیان تێدا دەکرێت؛ بە جۆرێک بەشە ڕووبەری فێرکاری بۆ هەر قوتابییەک لەم شارەدا تەنیا دوو مەتر دووجایە، لە کاتێکدا تێکڕای ئەو ژمارەیە لە پارێزگای کوردستان 4.35 مەتر دووجا و لە ئاستی ئێرنیشدا نزیکەی 6 مەتر دووجایە. ئەمەش جیاوازییەکە بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت.
عەدنان داستوار، بەڕێوەبەری پەروەردە و فێرکردنی مەریوان، دەڵێت: ئێستا لە مەریوان بۆ 44 هەزار و 505 قوتابی تەنیا 350 قوتابخانە بەردەستە. لە سەرانسەری ئێراندا مەریوان تاکە جێگەیەکە کە قوتابخانەکانی دوو دەوامیان تێدا دەکرێت.
داستوار، گوتیشی: %90 ی قوتابخانەکانی ئێرە دوو دەوامیان تێدا دەکرێت، بۆ چارەکردنی ئەم کێشەیە، پێویستمان بە 60 پۆلی نوێ و 100 ملیار تومەن هەیە.
بەڕێوەبەری پەروەردە و فێرکردنی مەریوان، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بینای زۆربەی قوتابخانەکان، بە تایبەتی لە گوندە کوێستانییەکاندا کۆن و ڕووخاون و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.

فەهیمە مینویی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی کچانەی هیدایەت، دەڵێت: ژمارەی قوتابییانی ئێرە لە هەر پۆلێکدا بە تێکڕا کەمتر لە 20 کەسە و ژمارەیەکی گونجاوە، هەروەها ژمارەی قوتابییانی زۆربەی قوتابخانە ئاساییەکانی مەریوان دەستکاری و کەم کراوەتەوە.
مینویی گوتیشی: بابەتەکانی سەر تابلۆکانی ڕاگەیاندن، دەبێت لە ئاستی قوتابییانی ئامادەییدا بێت، بەڵام ناچارین بەهۆی قوتابییانی دەوامەکەی تر کە ناوەندین، بابەتەکان بگۆڕین تا لەگەڵ تەمەنی ئەوانیشدا بگونجێت.
بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی هیدایەت، ئاماژەی بە کێشەیەکی دیکەی دوو دەوامیی قوتابخانەکان دا و گوتی: زۆربەی دەوامی قوتابخانەکان لەگەڵ یەک ناگونجێن، بۆ نموونە دەوامێک بۆ قوتابییانی ئامادەییە و دەوامەکەی تر بۆ قوتابییانی قۆناغی سەرەتاییە.
مینویی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: پۆلەکانی ئێمە 20 کەسین و بەڵام ژمارەی قوتابیانی دەوامەکەی دیکە، زیاتر لە 30 کەسن، ئیتر ئەوان ناچار دەبن کورسیی زیاتر لە پۆلەکاندا دابنێن و ئێمە دیسانەوە ژمارەی کورسییەکان کەم بکەیەنەوە.
