لە ڕۆژئاوای لەندەن ئاگرێکی گەورە کەوتەوە

دەزگای ئاگرکوژێنەوەی لەندەن ڕایگەیاند، دەنگی "تەقینەوەی بەهێز" لە ڕۆژئاوای لەندەن بیستراوە، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەک کەوتەوە و ئێستا نزیکەی 150 ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین.

دەزگای ئاگرکوژێنەوەی لەندەن (LFB) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025، ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی ئاگرێک لە بینایەکی دوو نهۆمی لە ناوچەی بازرگانیی میدڵسێکس (Middlesex Business Park) لە شەقامی "بریج ڕۆد" لە ساوسۆڵ. بەپێی دوایین زانیارییەکان، سێ چارەکی بیناکە کە شوێنی کۆگا و فرۆشتن بووە، بەتەواوی گڕی گرتووە.

تۆڕی هەواڵی بی بی سی لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، سەرەتا 70 ئاگرکوژێنەوە نێردرابوون، بەڵام بەهۆی فراوانیی ئاگرەکەوە تیمەکان زیاد کران بۆ 150 کارمەند و 25 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە کە لە ناوچەکانی ساوسۆڵ، هێستن و ئیلینەوە ڕەوانە کراون.

دەزگای ئاگرکوژێنەوەی لەندەن ئاگرەکە کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکوو کۆنترۆڵ بکرێت و تیمەکانیان بە درێژایی ڕۆژ سەرقاڵی کوژاندنەوە دەبن.

بەهۆی چری ئەو دووکەڵەی بەرز دەبێتەوە، دەزگای ئاگرکوژێنەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوای لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە دەرگا و پەنجەرەکانیان دابخەن.

لای خۆیەوە، خزمەتگوزاری ئەمبوڵانسی لەندەن دڵنیایی داوە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی لێ نەکەوتووەتەوە. تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی ئاگرەکە نەزانراوە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی کارکردنی تیمەکانەوە هاتووچۆی ناوچەکە تووشی قەرەباڵغی ببێت.

 
Fly Erbil Advertisment