سبەی کۆمیسیۆنی ئاشتیی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە
سبەی لە پەرلەمانی تورکیا، ناوەرۆکی کۆبوونەوەی شاندێکی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی، کە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامی دابوو، تاوتوێ دەکرێت.
شاندێکی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا، کە لە حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی مەهەپە و گوڵستان کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی پێکهاتبوون، نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2025، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان، چوونە دوورگەی ئیمراڵی.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە و گەڕانەوەی شاندەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، شاندەکە زانیارییان لە ئۆجەلان وەرگرتووە سەبارەت بە پرسی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، هەروەها هەردوو لا ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان هەسەدە و دیمەشقییان تاوتوێ کردووە.
پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئۆجەلان، ئەنجامی ئەرێنی لە ڕووی یەکبوونی کۆمەڵایەتی، پتەوکردنی برایەتی و پێشکەوتنی ئەرێنی پرۆسەکە بەدەست هاتووە.
سبەی چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنەکە بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی شاندێکیان لەگەڵ ئۆجەلان، کۆدەبێتەوە
چاوەڕێ دەکرێت وردەکاریی کۆبوونەوەی شاندەکە و ئۆجەلان بخرێتە بەردەستی تەواوی ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە و گفتوگۆی لەسەر بکەن.
هەینی 21ـی تشرینی دووەم، پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی کۆی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاریدا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن لە دوورگەی ئیمراڵی.
لە کۆمیسیۆنەکەدا 32دەنگی بەڵێ، 3 دەنگی بێلایەن و 2 دەنگی نەخێر هەبوون.
