سەرچاوەیەک: زێلێنسکی بە پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕازی بووە
بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، سەرۆکی ئۆکرانیا بە پلانی ئاشتی و کۆتاییهاتنی جەنگ لە وڵاتەکەی ڕازی بووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی کیێڤ و واشنتن لە جنێڤ هەندێک لە بەرگەکانی هەموار کراونەتەوە.
سێشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2025، بەرپرسێکی ئەمەریکی بە کەناڵی (فۆکس نیووز)ی ڕاگەیاندووە، ئۆکرانیا بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی ڕازی بووە، کە کۆتایی بە جەنگی ڕووسیا دەهێنێت. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا هەندێک وردەکاریی بچووکی ڕێککەوتنەکە ماون یەکلا بکرێنەوە.
جێف تۆلبێرت، گوتەبێژی سکرتێری سوپای ئەمەریکا "دان دریسکۆڵ"، بە فۆکس نیووزی ڕاگەیاندووە، تیمەکەی ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە ئەبووزەبی لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا.
تۆلبێرت گوتی: گفتوگۆکان بە باشی بەڕێوە دەچن و ئێمە گەشبینین. هاوکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان، سکرتێر دریسکۆڵ لە نزیکەوە لەگەڵ کۆشکی سپی و ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی ئەمەریکا هەماهەنگی دەکات.
بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکی ئەوەشی بۆ فۆکس نیووز ئاشکرا کردووە، شاندی ئۆکرانیاش لە ئەبووزەبی بوون و لەگەڵ دریسکۆڵ و تیمەکەی پەیوەندیدا بوون.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەیەوێت بەر پێنجشەممە بچێتە کۆشکی سپی و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنتی ئاشتی تەواو بکەن.
باسی لەوەش کردووە، زۆربەی وردەکارییەکان و هەموارکراوەکان تەواو کراون، بەڵام هەندێک پرس هەیە زێلێنسکی دەیەوێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ترەمپ گفتوگۆ بکات.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، هەر پلانێکی ئاشتیی هەموارکراو بۆ ئۆکرانیا، دەبێت ڕەنگدانەوەی ڕۆح و دەقی ئەو لێکتێگەیشتنانە بێت کە لە نێوان ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکەی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە لووتکەی ئالاسکا کرا. هۆشداریشی دا، ئەگەر ڤێرژنی هەموارکراوەکە ڕەنگدانەوەی ئەو بابەتانە نەبێت ئەوا ڕووسیا، ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ئەمەریکا لە ئەبووزەبی بکەن، هەڵوێستێکی زۆر جیاوازی بەرانبەر دەستپێشخەرییەکە دەبێت.
ڕۆژی یەکشەممە شاندەکانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە جنێڤ لە بارەی پلانەکە کۆبوونەوە و هەر دوو وڵات کۆبوونەوەکەیان بە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار باس کرد
ڕوبیۆ ڕایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکە بەرهەمدارترین و گرنگترین کۆبوونەوە بووە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە. ئاماژەی بەوە دابوو، خاڵ بە خاڵ بەسەر ڕەشنووسەکەدا ڕۆیشتوون و تیمەکانیان چەند گۆڕانکاری دەکەن بۆ ئەوەی بۆچوونەکان زیاتر لێک نزیک بکەنەوە.
لەلای خۆیەوە، ئەندری یێرماک، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا دووپاتی کردبووە هەنگاوی باشیان بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام ناوە، کە گەلی ئۆکرانیا شایستەیەتی.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە، ڕۆستەرم عومەرۆڤ، وەزیری پێشووی بەرگریی ئۆکرانیا لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو، کۆتا ڤێرژنی ڕەشنووسی پلانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ڕەنگدانەوە بەشێکی زۆری داواکاری و ئامانجەکانی ئێمە، کە هێشتا لە قۆناغی کۆتایی دایە.
هەفتەی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی ڕەشنووسی پلانە 28 خاڵییەکەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا، نیگەرانیی قووڵی لای ئەو وڵاتە و هێزە ئەورووپییەکانی لێ کەوتەوە، بەو پێیەی وا دەردەکەوێت واشنتن زۆربەی داواکارییە سەرەکییەکانی ڕووسیای سەبارەت بە ناتۆ، خاک و کاتی ڕێککەوتنەکە پەسەند کردبێت.
لە پلانە سەرەتاییەکەدا هاتووە، نابێت ئۆکرانیا بە شێوەیەکی هەمیشەیی ببێتە ئەندامی ناتۆ، هەروەها ژمارەی سوپاکەی بە 600 هەزار سەرباز سنووردار دەکرێت، هاوکات هەرێمی دۆنباس ڕادەستی ڕووسیا بکرێتەوە و دەبێت کیێڤی لە ماوەی 100 ڕۆژدا هەڵبژاردن بکات.
