حەج و عومرە: هەفتەی داهاتوو پشکنینی پزیشکی بۆ حاجیان دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەموو ئەوانەی ئەمساڵ بۆ حەج ناویان دەرچووە دەبێت پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن.
سێشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2025، کاروان ستوونی، گوتهبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حهج و عومرهی كوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕایگهیاند: هەموو ئەو کەسانەی ئەمساڵ ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە دەبێت پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن و لە پشکنینەکە دەربچن ئینجا ڤیزایان پێ دەدرێت.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، عەرەبستانی سعوودیە مەرجی پێش وەختەی داناوە بە مەبەستی پێدانی ڤیزای حەج ئەویش پشکنینی پزیشکییە و لەگەڵ ئەوەی دەبێت ئەو کەسە دەربچێت لەوەی دەتوانێت حەج بکات یان نا.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی چەندین لیژنەیان داناوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی و دواتریش ئەو پشکنینانە لە سیستەم بەرز دەکرێتەوە بۆ سعودییە تاوەکوو ڤیزا بە حاجیان بدرێت و پێویستە سەرجەم حاجیان ئەو پشکنینەیان بۆ بکرێت.
کاروان ستوونی گوتیشی: هەفتەی داهاتوو دەست دەکرێت بە پشکنین بۆ حاجیان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و ساڵی ڕابردووش ژمارەیەک هاووڵاتیی بەهۆی ئەوەی لە پشکنینەکان دەرنەچوون نەیتوانی سەردانی سعوودیە بکەن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.
ساڵی داهاتوو پێنج هەزار و 120 کەس سەردانی سعوودیە دەکەن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.
