داواکاری وەرگرتنی مافی پەناری لە ئەڵمانیا زیاتر لە 60% کەمی کردووە
فریدریچ مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ڕێژەی داواکاری سەرەتایی پەنابەری لە وڵاتەکەی، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە 60% کەمی کردووە.
فریدرچ مێرتس، ڕاوێژکاری حکوومەتی ئەڵمانیا، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە بازرگانییەکانی وڵاتەکەی، ڕایگەیاندووە، کەمکردنەوەی پێدانی مافی پەنابەری لەو وڵاتە، "دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان، ئەمە ئاماژەیەکە بۆ سەرکەوتنی گەورەی ئەڵمانیا لە سیاسەتی کۆچبەریدا، بە جۆرێک لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 60% کەم کراوەتەوە."
مێرتس هۆکاری کەمبوونەوەی داواکاری پەنابەری بۆ "کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان لە لایەن حکوومەتی ئەڵمانیاوە" گەڕاندەوە و گوتی "شانازی بەو کارەوە دەکەین."
ئەلێکساندەر دۆبرێنت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، لە ماوەکانی ڕابردوودا، بڕیارێکی ساڵی 2015ی حکوومەتی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە، کە ڕێگە بە پەنابەران دەدات بچنە ناو خاکی وڵاتەکەی، ئێستا بە جۆرێکە ئەگەر کەسێک لە وڵاتێکی دیکەی ئەووروپا داواکاری بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری پێشکەش کردبێت، بە هیچ جۆرێک ڕێگەی پێنادرێت لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەری بکات، ئەگەر داواکاریش پێشکەش بکات، حکوومەت ڕەتیدەکاتەوە.
بە گوێرەی ڕێکارە نوێیەکەی حکوومەتی ئەڵمانیا، ئافرەتانی دووگیان و منداڵان لەم ڕێوشوێنە بەخشراون.
مانگی ئەیلوولی ساڵی 2024، دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئەڵمانیا، کۆنترۆڵی سنوورەکانیان لە سەرجەم سنوورە وشکانییەکانی وڵاتەکەیان ڕاگەیاند، هەروەها چاودێریی توندییان خستە سەر، سەرجەم خاڵە سنووریەکان، بە مەبەستی سنووردارکردنی کۆچبەری نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
