ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی لە کەناری ڕۆژئاوا دەست پێ کرد
سوپا و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە ناو شاری توباس لە کەناری ڕۆژئاوا جێگیر بوون و فەرمانیان بە ژمارەیەک لە دانیشتووانە فەڵەستینییەکەی کردووە ماڵەکانیان جێبهێڵن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا کە چەندین مانگە لە شارەکانی باکووری کەناری ڕۆژئاوا بەردەوامە.
چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە زاری ئەحمەد ئەسەعد، پارێزگاری تووباس، بڵاوی کردەوە "هێزەکانی ئیسرائیل بە پشتیوانیی هێلیکۆپتەری شەڕکەر، گەمارۆی شارەکەیان داوە و لە چەندین گەڕەکدا جێگیر بوونە و ماڵەکان دەپشکنن."
ئەسعەد، گوتیشی: هێزەکانی ئیسرائیل خەڵکیان لە ماڵەکانیان دەرکردووە و فەرمانیان پێ کردوون تا کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە، کە پێشبینی دەکەم چەند ڕۆژێك بخایەنێت، نەگەڕێنەوە ماڵەکانیان. هەروا ژمارەیەک هاووڵاتیی فەڵەستینیان دەستگیر کردووە.
پارێزگاری تووباس، جەختی کردەوە لەوەی "ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ناوەرۆکدا کردەیەکی سیاسییە و هیچ ئامانجێکی سەربازی یان ئەمنیی لەم شارەدا نییە، کە پێویست بەم هێزە سەربازییە زۆرە بکات. لە ڕاستیدا بەشێک لە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە ڕاهێنانی سەربازییە و بەشەکەی دیکەش بۆ خۆشاردنەوەیە لە کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل."
ئەسعەد، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئیسرائیل دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانەوە خاکی زیاتری فەڵەستینییەکان داگیر بکات؛ جگە لە وێرانکردنی ژێرخانی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا.
بەگوێرەی شایەتحاڵان، ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل بەناو شەقام و گەڕەکەکانی شارەکەدا دەگەڕێن و سەربازەکانیش ماڵان دەپشکنن و تا ئێستا لانیکەم 22 فەڵەستینیان دەستگیر کردووە.
هاوکات، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "ئۆپەراسیۆنەکە، بە هاوکاریی پۆلیس و هێزە هەواڵگرییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستی پێ کردووە، پاش وەدەستهێنانی زانیاریی هەواڵگری سەبارەت بە هەوڵدانی گرووپێک بۆ دروستکردنی پێگە و ژێرخانی چەکداریی تا دواتر، دژی ئیسرائیل بەکاری بهێنن."
لە ڕاگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە "لە میانی پشکنینی ماڵاندا، ژوورێکی 'کۆنترۆڵ و چاودێری'ـی دۆزراوەتەوە."
سوپای ئیسرائیل ناوی ئەو گرووپە و شوێنی دۆزینەوەی ژوورەکەی ئاشکرا نەکرد.
کەناری ڕۆژئاوا، دوو ملیۆن 700 هەزارفەڵەستینی دەژین کە خۆبەڕێوەبەرییەکی سنوورداریان هەیە؛ هەروەها سەدان هەزار ئیسرائیلیش لەوێ نیشتەجێ کراون.
ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ، درێژەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەیە کە ئەمساڵ هێزەکانی ئیسرائیل لە بەشە جیاوازەکانی باکووری کەناری ڕۆژئاوا دەستیان پێ کردووە.
