ڕاگەیەنراوێک لە هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و کارەباوە
هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان ڕایانگەیاند: شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، کاتژمێر 11:30، بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، تەواویی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەهۆی هێرشەکەوە تەواویی هەناردەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.
هەردوو وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە، تیمەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای داناگاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێکەوتنەکانی ڕووداوەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین درۆن بەسەر ئاسمانی کێڵگەی گازی کۆرمۆردا بینرابوون و لە لایەن پاسەوانانی کێڵگەوەش تەقەیان لێ کرابوون.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003ـوە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.
