هۆنگ کۆنگ؛ 55 کەس گیانیان لەدەست دا و چارەنووسی سەدانی دیکەش نادیارە
ئاگرێکی گەورە لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی 'وانگ فوک کۆرت' لە هۆنگ کۆنگ کەوتووەتەوە و تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە. بە گوێرەی دواین هەواڵ لە ئەنجامی ئاگرەکەدا 55 کەس گیانیان لەدەست داوە و چارەنووسی 300 کەسیش نادیارە.
پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەم 2025، پۆلیسی هۆنگ کۆنگ ڕایگەیاند "تا ئێستا نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە بە درێژای شەوی ڕابردوو هەوڵی ڕزگارکردنی ئەو کەسانەیان داوە کە لە نهۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەیەکی ئەو کۆمەڵگەیە گیریان خواردووە، بەڵام، بە هۆی پلەی بەرزی گەرما و دووکەڵی چڕەوە تا ئێستا نەیانتوانیووە فریایان بکەون."
پۆلیس، گومانی ئەوە دەکات کە ڕەنگە ئاگرەکە بە هۆی داربەست 'ئەسکەلە"ی ناستاندارد و بە کارهێنانی ماددی فەوەمەوە کەوتبێنەوە.
کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی 'وانگ فوک کۆرت' کۆمەڵگەیەکی قەرەباڵغە و دەکەوێتە ناوچەی تای پۆ، لە باکووری هۆنگ کۆنگ، لە هەشت باڵەخانە و دوو هەزار شوقە پێک هاتووە و زیاتر لە چوار هەزار و 600 کەسی تێدا دەژین.
سەرۆکی تیمی ئاگرکوژێنەوەی هۆنگ کۆنگ، ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ئاگری چوار باڵەخانەیان کۆنترۆڵ کردووە و بەردەوامن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری سێ باڵەخانەی دیکە.
گرتە ڤیدیۆییەکانی شوێنی ڕووداوەکە نیشانی دەدەن کە هێشتا ئاگر لە دوو لە تاوەرە 32 نهۆمییەکانەوە بەرز دەبێتەوە کە بە داربەستی بامبۆ و تۆڕی سەوزی بیناسازی داپۆشراون و دووکەڵێکی زۆر بە ئاسماندا بڵاو دەبێتەوە.

ئەیلین چانگ، گوتەبێژی پۆلیسی هۆنگ کۆنگ ڕایگەیاند "جگە لەوەی باڵەخانەکان بە تۆڕی پارێزەر و پلاستیک داپۆشراون کە لەگەڵ پێوەرەکانی بیناسازییدا ناگونجێن، دەرکەوتووە هەندێک پەنجەرەی یەکێک لە باڵەخانەکان کە ئاگری نەگرتووە، بە ماددەی فەوم داپۆشراوە، ئەمەش بە تەواوەتی پێچەوانەی ستانداردەکانی بیناسازییە."
چانگ، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە لامانوایە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بەم شێوەیە و گرانیی کۆنترۆڵکردنی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی کۆمپانیای بیناسازیی کۆمەڵگەکە؛ چونکە داربەستی بامبۆ لە باڵەخانەکاندا بەکارهێنراون کە لە مانگی ئازاری ڕابردووەوە بەکارهێنانی ئەو جۆرە داربەستە لە هۆنگ کۆنگ قەدەغە کراوە.
گوتەبێژی پۆلیسی هۆنگ کۆنگ، گوتیشی: دوو بەڕێوەبەر و ڕاوێژکارێکی ئەندازیاریی کۆمپانیاکە بە گومانی کوشتنی بەهەڵە، دەستگیرکراون.
جۆن لی، سەرۆکی هۆنگ کۆنگ، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەولەویەت کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ڕزگارکردنی دانیشتووانە گییرخواردووەکانە. دووەم فریاکەوتنی بریندارەکانە و سێیەم هاوکاریی لێقەوماوانی ڕووداوەکەیە؛ پاشان دەست دەکەین بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ دەستنیشانکردنی هۆی ڕووداوەکە.
جۆن لی، گوتیشی: پەیوەندی بە 279 کەسەوە پچڕاوە و 900 کەسیش لە هەشت پەناگەدا نیشتەجێ کراون.
A massive fire broke out in a large residential complex in Tai Po, #HongKong . So far, 44 people have died and 279 have been injured.
— Shubham (@ShubhamQuest) November 27, 2025
> The fire spread so fast that several buildings were caught in the blaze. It is considered one of Hong Kong’s deadliest fires in decades.
> The… pic.twitter.com/m5xjGnSkgD
