پلانێكی ترهمپ بۆ لێدانی دامهزراوه ئهتۆمییهكانی ئێران ئاشكرا دهبێت
ئێران: به توندی وهڵامی ههر هێرشێكی ئهمهریكا دهدهینهوه
K24 - ھەولێر:
بەگوێرەی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ، کە دوو مانگی ماوە ئۆفیسی سەرۆکایەتی بەجێبھێڵێت، چوارشەممەی رابردوو لە ئۆڤاڵ ئۆفیس، داوای راوێژیکرد سەبارەت بە ئەگەری ھێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ھەر یەک لە مایک پێنس، جێگری سەرۆک، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوە و مارک میڵی، سەرۆکی دەستەی ھاوبەشی سوپای ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون.
ترەمپ پرسیاری ئەوەی لێکردوون، ئایا ھیچ بژاردەیەکی لەبەردەستە بۆئەوەی لە چەند ھەفتەی داھاتوو ھێرش بکاتە سەر ئێران؟
وەڵامی ئەندامانی ستافی سەرۆکایەتی نەرێنی بووە و ھۆشدارییان داوەتە ترەمپ لەوەی ھەنگاوێکی لەوشێوەیە لە کۆتاییەکانی سەرۆکایەتیدا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
ھەر ئەمڕۆ ئاژانسی بەرگری مووشەکی ئەمهریکا رایگەیاند، بەسەرکەوتوویی سیستمی ئێس ئێم 3یان تاقیکردووەتەوە و توانیویەتی مووشەکێکی بالیستی کیشوەربڕ "ئای سی بی ئێم" بخاتە خوارەوە. ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەو مووشەکە بالیستیانەی ئێران شانازییان پێوە دەکات و ھەڕەشە لە ھێزی دەریایی ئەمهریکا لە ناوچەکە دەکات.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ھەواڵەکە، ئێران وەڵامی دایەوە و عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند: ھەر کردەوەیەکی سەربازی لە دژی وڵاتەکەی رووبەڕووی وەڵامێکی توندی ئێران دەبنەوە.
عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران گوتی: "لەوانەیە ھەوڵێک ھەبێت بۆ ھێرشکردن، بەڵام ئەمە بۆچوونی خۆمە نەوەک بۆچوونی فەرمی حکومەت، من پێموانیە ئەمەریکا کارێکی لەوشێوەیە بکات. پێموانیە بیانەوێت سەقامگیری ناوچەکە و جیھانیش تێکبدەن، بەڵام لە ئەگەری ھەر ھێرشێکدا رووبەڕووی وەڵامێکی زۆر توند دەبێتەوە".
ئەم بۆچوونەی ترەمپ دوای راپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دێت، کە ھۆشداریدابوو لەوەی ئێران بەردەوامە لە زیادکردنی ئاوی قورس و یۆرانیۆم، ئەوەی ھەیەتی زۆر زیاترە لەو بڕەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی 2015دا بۆی دیاریکراوە.
ترەمپ ویستوویەتی بەشێوەیەکی سنووردار و دیاریکراو ھێرشکە ئەنجام بدات و بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز بکاتە ئامانج.
کشانەوەی ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی و سەپاندنی سزای تاکلایەنە بەسەر تاراندا، ئەو وڵاتەی ناچارکرد لە ھەندێک لە پابەندییەکانی بە رێککەوتنەکەوە دوورکەوێتەوە.
ئێستاش، کە بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان بایدن لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە پێش ترەمپە و ئەگەری بوونە سەرۆکی زیاترە؛ وڵاتانی ئەوروپی زیاتر ھانداوە بۆئەوەی تا وەرگرتنی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئەمریکا خۆیان راگرن و جارێکی دیکە سیاسەتێکی نوێی بەرامبەر بە کێشەی ئەتۆمی ئێران بگرنەبەر.
ھێشتا ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەمریکا رانەگەیەندراوە و ترەمپیش دانی بە شکستدا نەناوە و بەردەوام دەڵێت: من ھەڵبژاردنەکەم بردووەتەوە.. لە ئەگەری دۆڕانیدا دەیەوێت تا 20ی تشرینی دووەمی ساڵی داھاتوو دیوارێکی گەورەی سزا لەسەر ئێران درووست بکات کە ھەڵگرتنی بۆ بایدن و ئیدارەکەی ئەستەم بێت.