عەزیز ئەحمەد: ساڵی ڕابردوو 11 جار هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، بەڵام لە پێدانی کارەبا بەردەوام بووین
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو 11 جار هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و قوربانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام کۆمپانیای دانا غاز کۆڵی نەداوە و بەردەوام بووە لە وەبەرهێنان، ئەمەش وای کردووە کارەبا بۆ ملیۆنان هاووڵاتی لە هەرێم و عێراق دابین بکرێت.
پێنجشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: ساڵی ڕابردوو 11 جار هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بووە هۆی گیانلەدەستدانی چەند کەسێک.
دەشڵێت: دانا غاز سەرەڕای ئەو هێرشە بەردەوامانە، لە بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان لە دامەزراوەی نوێ و کەرتی غازدا بەردەوام بووە، ئەمەش وای کردووە بتوانین کارەبا بۆ ملیۆنان هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق دابین بکەین.
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی ستایشی کۆمپانیاکە و کارمەندەکانی دەکات لە پای خۆڕاگری و سووربوونیان لەم دۆخە سەخت و نائاساییەی کارکردندا.
نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 26ی تشرینی دووەم)، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا، هێرشەکە بە "درۆن" بووە، بەڵام کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، کێڵگەکە بە "مووشەک" کراوەتە ئامانج.
بە گوێرەی هەردوو ڕاگەیەنراوەکەش، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی بەرهەمهێنانی کارەبای گشتیی کوردستان.
