وەزیری تەندروستی: هێرشەکەی کۆرمۆر یارییە بە ژیانی هەزاران نەخۆش لە ژووری نەشتەرگەری و چاودێریی چڕ
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی تونددا هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە لوتکەی دژایەتیکردنی مرۆڤایەتی و بێویژدانی وەسف دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی، ئەم کردەوەیە تەنها بڕینی وزە نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و خستنە مەترسیی ژیانی ئەو نەخۆشانەی لە دۆخێکی هەستیار و کتوپڕدان.
لە کاردانەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو، د. سامان بەرزنجی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە کە، تەقاندنەوەی کێڵگەی کۆرمۆر کارێکی قێزەون و تاریکپەرستانەیە.
بە بڕوای وەزیری تەندروستی، مەترسییەکە تەنها لەوەدا کورت نابێتەوە کە کارەبا و غاز لەسەر هاووڵاتییان دەبڕدرێت، بەڵکو مەترسییە گەورەکە لەو بڕینە لەناکاوەی تەزووی کارەبادایە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی مەترسیدار دەکاتە سەر نەخۆشخانەکان.
بەگوێرەی پەیامەکە، ئەو پچڕانە لەناکاوە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ هەزاران نەخۆش، بەتایبەتی ئەوانەی لە بەشەکانی فریاکەوتن و چاودێریی چڕدان و دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە، هەروەها دەبێتە هۆی ڕاگرتنی پڕۆسەی نەشتەرگەرییەکان و کوژانەوەی لەناکاوی ئامێرە پزیشکییە هەستیارەکان، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ یاریكردنە بە گیانی هاووڵاتییان.
د. سامان بەرزنجی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وێڕای نەفرەتکردن لە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە و ئەوانەی دەیانەوێت سزای بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان بدەن، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیرادەی دڵسۆزانی نیشتمان لەوە بەهێزترە و کوردستان هەر بە ڕووناکی و ئاوەدانی و خۆڕاگری دەمێنێتەوە.
