لە ئێران زەنگی مەترسی بێ ئاوی لێدرا
وەزارەتی وزەی ئێران هۆشداریدا وڵاتەکە ڕووبەڕووی یەکێک لە سەختترین وشکەساڵی بووەتەوە لە ماوەی شەش دەیەی ڕابردوودا. بەگوێرەی ئامارەکان، ڕێژەی بارانبارین بە بەراورد بە تێکڕای درێژخایەن 84%و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 83% کەمیکردووە.
بەگوێرەی ئەو داتا فەرمییانەی بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمەوە تا سەرەتای کانوونی دووەم، کۆی گشتیی بارانبارین لە ئێران تەنیا 5.6ملیمەتر بووە. ئەمەش دابەزینێکی مەترسیدارە بەراورد بە تێکڕای 34.6ملیمەتر کە لە هەمان ماوەی 57 ساڵی ڕابردوودا تۆمار کراوە.
بە گوێرەی دابەشبوونی جوگرافیای وشکەساڵییەکە لە پارێزگاکاندا بەم شێوەیەیە: 10 پارێزگا لە سەرەتای ساڵی ئاوییەوە هیچ بارانێکیان لێ نەباریوە یان نزیکەی 100% کەمیکردووە؛ لەوانە پارێزگاکانی: (فارس، کرمان، سیستان و بەلووچستان، ئەسفەهان، تاران، هەمەدان و ئەلبورز). هەروەها 10 پارێزگا دابەزینی زۆریان بەخۆوە بینیوە کە لە نێوان 90% بۆ 99% بووە. لەگەڵ ئەوەشدا 8 پارێزگا زەنگی ئاگادار کردنەوە لێدراوە و بارانبارین تێیاندا 60% بۆ 89% کەمیکردووە.
سەبارەت بە ناوچەکانی ڕۆژئاوا، پارێزگای ئیلام کە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق، تەنیا 39.9ملیمەتر بارانی لێ باریوە بە ڕێژەی 47% کەمیکردووە. هاوکات پارێزگای گوڵستان دابەزینی 42%ـی تۆمارکردووە.
ئەم دۆخە ترسناکە لە کاتێکدایە ئێران پێ دەنێتە شەشەمین ساڵی وشکەساڵیی یەک لە دوای یەکەوە. بەرپرسان هۆشداری دەدەن لە لێکەوتە مەترسیدارەکان بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، داواش لە هاووڵاتییان دەکەن ڕێوشوێنەکانی دەستگرتن بە ئاوەوە چڕتر بکەنەوە.
