پسپۆڕانی ڕووسیا ستایشی پڕۆژە و هەنگاوەکانی کوردستان دەکەن

شارەزایان و پسپۆڕانی ڕووسیا ستایشی پڕۆژە و هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن. بە بڕوای ئەوان، سیاسەتی ژیرانەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر.

سەرەڕای بوونی قەیران و بەربەستەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی ئاسایش بەردەوامە. ئەمەش وایکردووە هەولێر ببێتە ناوەندێکی سیاسیی گرنگ لە ناوچەکەدا.

ڤەدیم مەکەڕێنگە، پسپۆڕ لە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسی، دەڵێت مەسرور بارزانی بایەخ بە خزمەتگوزاری و ئابووری دەدات. هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش بەرەوپێش دەبات. ئەو پێیوایە هەرێمی کوردستان خاوەن توانایەکی گەورەیە و بەردەوام گەشە دەکات. هاوکات جەخت لەسەر پێویستیی ئارامی و لێکتێگەیشتن دەکاتەوە، تاوەکو کورد بگات بە مافەکانی.

لەلایەکی دیکەوە، د. ئیقبال دیوورە، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی مۆسکۆ، باسی ئەزموونی 15 ساڵی خۆی دەکات. ئەو پێیوایە کوردستان لەو ماوەیەدا گەشەیەکی بەرچاوی کردووە. بە بڕوای ئەو، پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، جێگەی سەرسوڕمانە و سەرکەوتنەکانیشی مایەی خۆشحاڵیی هەموو کوردێکە.

هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندان بواری گرنگ دەگرێتەوە، وەک:

-  بنیاتنانی ژێرخان: پڕۆژەکانی ڕووناکی، بەبانکیکردنی سیستەمی دارایی، چارەسەری کێشەی کەمئاوی و دروستکردنی ڕێگەوبان و بەنداو.

- فرەچەشنکردنی داهات: بایەخدان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری و پیشەسازی.

- پاراستنی ژینگە: زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و بنیاتنانی پارک و پۆند.

ئەم پڕۆژانە بوونەتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی لایەنە بیانییەکان. ئێستا هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی ئاوەدانی، سەقامگیری و فەرمانڕەوایی دروست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینرێت.

ئەم ستایشەی شارەزایانی ڕووسیا لە کاتێکدایە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارنامەیەکی چاکسازیی گشتگیری ڕاگەیاندووە. ئامانجی سەرەکیی کارنامەکە فرەچەشنکردنی ئابووری و کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە داهاتی نەوت.

 لەم چوارچێوەیەدا، پڕۆژەی "هەژماری من" بۆ بەدیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەران وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت. ئەم هەوڵانە هاوکاتن لەگەڵ بوونی ئاڵنگاریی دارایی و ناکۆکییە بەردەوامەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا.

 
 
Fly Erbil Advertisment