چین پەرە بە زیرەکی ڕۆبۆتی خانوومانی ماڵ دەدات

زانکۆی وۆهان توانای زیرەکی ڕۆبۆتێکی ‌هێندە پەرەپێداوە بە ڕێژەی 87% کارەکانی ناو ماڵ ئەنجام دەدات

توێژەرانی زانکۆی وۆهان لە چین، لە پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ڕۆبۆتەکان، قۆناغێکی نوێیان بڕیوە و توانیویانە ڕۆبۆتێکی تایبەت بە ئەنجامدانی کارەکانی ناو ماڵ دروست بکەن، کە زیرەکییەکە بە جۆرێک پرۆگرام کراوە، دەتوانێت بە وردی 87 % کارەکان ئەنجام بدات.

تیمی توێژەرانی زانکۆی "وۆهان" جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەو سیستەمە نوێیەی بۆ ئەو ڕۆبۆتە خانوومانەی دانراوە ناوی RGMPـە، سەرکەوتوو بووە لە توانای کارامەیی ڕۆبۆتەکە بۆ گرتن و چۆنییەتی مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ تەنەکانی نێو ماڵ، بە ڕادەیەک پێشکەوتووە کە ئەنجامی وردیی و سەرکەوتنەکانی دەگاتە 87%، هاوکات پێویستی بە داتایەکی پێنج هێندە کەمتر هەیە بەراورد بەو مۆدێلانەی ڕۆبۆتەکە کە بڵاون.

زیرەکیی ئەندازیاری RGMP تواناکانی ڕۆبۆت بەهێز دەکات

بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی "interesting engineering" بڵاویکردووەتەوە، بە پێچەوانەی سیستەمە باوەکان کە پشت بە بڕێکی زۆر داتا دەبەستن، سیستەمی RGMP لەسەر تێکەڵکردنی "فێربوونی ئامێر" (Machine Learning) لەگەڵ "لێکدانەوەی ئەندازیاری" دامەزراوە. ئەمەش ڕێگە بە ڕۆبۆتەکە دەدات لە شێوەی ئەو تەنە تێبگات کە مامەڵەی لەگەڵ دەکات و خێرا بڕیاری گونجاو بدات، ئایا پێویستی بە هەڵگرتنە، یان پاڵنان، یان گرتن، تەنانەت لە ژینگەی گۆڕا و نامۆشدا هەمان زیرەکی بەکار دەهێنێت.

توێژەران ئەم پێشکەوتنە بۆ دوو بەشی سەرەکی دەگەڕێننەوە:

1-دیاریکەری کارامەیی ئەندازیاری : (GSS) یارمەتی ڕۆبۆتەکە دەدات بۆ هەڵبژاردنی جۆری جووڵەکە بە  گوێرەی شێوەی تەنەکە و داواکارییەکانی ئەرکەکە، بە شێوازێک کە هاوشێوەی بیرکردنەوەی مرۆڤە.

2-تۆڕی یادەوەری خۆگونجێنەر : (ARGN) توانای فێربوون لەڕێگەی ژمارەیەکی زۆر کەم لە نموونە دەبەخشێتە ڕۆبۆتەکە، بە تۆمارکردنی زانیاریی لەبارەی شوێن و کاراکردنی لە کاتی پێویستدا. 

سەرکەوتن بەسەر مۆدێلە سەردەمییەکاندا

سیستەمەکە لەسەر ڕۆبۆتێکی مرۆڤ ئاسا  کە دوو قۆڵی هەیە و کامێرایەکی بۆ دانرابوو تاقیکرایەوە، بە بەکارهێنانی تەنیا 120 تاقیکردنەوەی ڕوونکردنەوەیی. سیستەمی RGMP توانی بەسەر بەناوبانگترین مۆدێلەکانی ڕۆبۆتدا سەربکەوێت، وەک Diffusion Policy و OpenVLA و ResNet50.

ئەنجامەکان ئەمانەیان دەرخست:

- زیادبوونی وردیی هەڵبژاردنی کارامەییەکان بە ڕێژەی 25%.
- جێبەجێکردنێکی سەقامگیرتر بۆ جووڵە ئاڵۆزەکان.
- توانای بەدەستهێنانی ئەنجامی بەهێز بە بەکارهێنانی تەنیا 40 نموونەی ڕاهێنان، بەراورد بە 200 نموونە کە سیستەمەکانی دیکە پێویستیان پێیەتی.
- هەنگاوێک بەرەو ڕۆبۆتی زیرەکتر و سەربەخۆتر.

تیمی توێژینەوەکە پێیان وایە تێکەڵکردنی "بیرکردنەوەی هێمایی" لەگەڵ "فێربوونی قوڵ" کلیلی داهێنانی کۆمەڵێک ڕۆبۆتە کە بە کاراییەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگە ڕاستەقینە و گۆڕاوەکاندا بکەن.

ئێستا توێژەران کار لەسەر پەرەپێدانی نەوەیەکی نوێتری سیستەمەکە دەکەن بۆ داهاتوو، کە بتوانێت ئەرکێکی نوێ فێر ببێت، تەنیا بە یەکجار بینینی و دووبارەی بکاتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment