مەهاباد.. فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێ بەڕێوەچوو
دوای سێ ڕۆژ چالاکیی چڕوپڕ و بەردەوام سێهەم فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێی مەهاباد کۆتایی هات. نۆ گرووپی هەڵپەڕکێ لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گرووپێکیش لە تارانەوە بەشدار بوون.
بەشێک لە فێستیڤاڵەکە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو. گرووپە هونەرییە میللییەکان و گۆرانیبێژان بەشدارییەکی چالاکانەیان هەبوو و هاووڵاتییانیش پێشوازییەکی گەرمیان لە فێستیڤاڵەکە کرد.
پێشبڕکێی ئەو گرووپانەی لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار بوون، لە تەلاری وەحدەتی مەهاباد، لە دوایین ڕۆژیشدا هەر بەردەوام بوو.
هەر لە ڕۆژی سێیەمی فێستیڤاڵەکەدا پسپۆڕان و شارەزایانی ئەم بوارە، سمینارێکی زانیستییان لەسەر گرنگیی هەڵپەڕکێ لە کولتووری کوردەواری و ڕیشەی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی ئەم هونەرە کوردییە بەڕێوە برد.
قوتبەدین سادقی، مامۆستای زانکۆ، کە 30 ساڵ لەمەوبەر گرووپی هەڵپەرکێی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دروست کرد و لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا بەشدار بوو، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 جەختی کردەوە لەوەی فێستیڤاڵەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچوو و جێگە و پێگەی مێژوویی هەڵپەرکێی کوردەواریان بە جوانی پاراست.
بەشداربووان، هاتنی نێوبژیوانانی نێودەوڵەتیی بۆ فێستیڤاڵەکە وەکوو دەستکەوتێکی گرنگ ناودەبەن و دەڵێن "نمایشکردنی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردەواری و جۆرە جیاوازەکانی هەڵپەڕکێ وادەکات نەوەی داهاتوو و هەروەها کەسانی بیانیش داب و نەریت و کولتووری کوردەواری بناسن."
لە کۆتاییشدا سێ گرووپی هەڵبژاردەی ئەم فێستیڤاڵە دەستنیشان کران و جیا لە خەڵات، مۆڵەتی بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە فێستیڤالی نێودەوڵەتیی هەڵپەڕکێی بانەیان پێ درا.
