کایا کالاس: بۆ یەکلاییکردنەوەی جەنگی ئۆکرانیا هەفتەیەکی چارەنووسسازمان لە پێشە

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند ئەم هەفتەیە دەکرێت یەکلاکەرەوە بێت بۆ هەوڵەکانی کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چوونی نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ مۆسکۆ، کۆبوونەوەکانی شاندی ئۆکرانیا لە فلۆریدا و پاریس.

دووشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2025، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی یەکێتییەکە گوتی: دەکرێت هەفتەیەکی چارەنووسساز بێت بۆ دیپلۆماسی، بە تایەت کە دوێنێ بیستمان گفتوگۆکان لە ئەمەریکا و ئۆکرانیا سەخت بوون بەڵام بەرهەمدار بوون، دەشڵێت: ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا قسە دەکەم

باسی لەوەش کرد، باشتر بوو لە کۆبوونەوەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە فلۆریدا، لایەنی ئەورووپاش بەشدار با، بەشێک بوایە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پەیوەست بە ئۆکرانیاوە، چونکە ئەوان لەوێ تەنیان و ئەگەر لەگەڵ ئەوروپییەکان بوونایە، بە دڵنیایەوە زۆر بەهێزتر دەبوون، بەڵام متمانەم هەیە کە ئۆکرانییەکان بەرگری لە خۆیان دەکەن.

ئاماژەشی دا، ئەورووپا پێویستە سەرنج بکاتە سەر ئەوەی ئۆکرانیا تواناکانی بەهێزتر بکات، چونکە ڕووسیا ئاگربەست و ئاشتی ناوێت، لەبەر ئەوە ئێمە دەبێت بە هەموو شێوەیەک ئۆکرانیا بەهێز بکەین بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، بەتایبەتی لەم دۆخە قورسەدا.

هاوکات هەر ئەمڕۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد و بڕیارە پرۆسەی کۆتاییهێنان بە جەنگ تاوتوێ بکەن.

بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆک سەرۆکی ئەمەریکا لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بەرەو ڕووسیا بەڕێ بکەوێت و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە و پرسی پلانی ئاشتی لە ئۆکرانیا تاوتوێ بکەن.

هەروەها دوێنێ هەر یەکە لە شاندەکانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا لە فلۆریدا لەبارەی پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگ و گۆڕانکاری لە هەندێک دەقی پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا و یەکلایی کردنەوەی پرسی ئاڵوگۆڕی خاک کۆبوونەوە، مارکۆ ڕوبیۆ کە سەرۆکایەتیی شاندەکەی دەکرد لەو بارەوە گوتی: کۆبوونەوەکە زۆر بەرهەمداربوو، بەڵام ئاسان نەبوو؛ ئاماژەشی دابوو، ئامانجییان داڕشتنی ڕێڕەوێکە بۆ پاراستنی سەرەوەری ئۆکرانیا.

 
Fly Erbil Advertisment