پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی یونیفیل لە لوبنان دەستیپێکرد

گوتەبێژی هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفیل) ڕایگەیاند، دەستیان بە کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئاشتیپارێز لە لوبنان بە ڕێژەی 25% کردووە.

کاندیس ئاردێل، گوتەبێژی یونیفیل لە لوبنان بە ڕۆژنامەی 'ئیزڤێستیا'یی ڕووسی گوت: لە ئەنجامی کەمکردنەوەی بودجە لە سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان، یونیفیل دەستی کردووە بە پرۆسەی کشانەوەی لە 25% سەربازەکانی لە لوبنان، گوتیشی، پێشبینی دەکرێت تا سەرەتای ساڵی 2026 پرۆسەکە تەواو بێت.

کاندیس ئاردێل  ئاماژەی بەوەشکرد، "هێزەکانی ئاشتیپارێز لە ساڵی ڕابردوودا هیچ چالاکییەکی سەربازیی حزبوڵڵا یان هیچ گرووپێکی چەکداری لە ناوچەی ژێر دەستیان بەدی نەکردووە."

ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، تا 20ـی تشرینی دووەمی 2025، ژمارەی سەربازانی یونیفیل لە لوبنان نۆ هەزار و 900 سەرباز بووە، لە کاتێکدا پێشتر ژمارەی کارمەندانی یونیفیل 10 هەزار و 500 سەرباز بووە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرکی هێزەکانی یونیفیلی لە مانگی ئابی ڕابردوو تا 31ـی کانوونی دووەمی 2026، درێژکردەوە.

 

 

 
Fly Erbil Advertisment