628 قوتابی لەنێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان هەن
بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، 200 قوتابی زانکۆ و پەیمانگا لە نێو شەش چاکسازی هەرێمی کوردستان دەخوێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ تاقیکردنەوەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم لە چاکسازییەکانیش تاقیکردنەوەی قوتابیان بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: لە هەر شەش چاکسازییەکان 628 قوتابی هەن، لەو ژمارەیە 200یان لە زانکۆ و پەیمانگان دەخوێنن، سەرجەم قوتابیان بە پرۆگرامی وەزارەتی پەروەرە و خوێندنی باڵا دەخوێنن، بەڵام پابەندی یاسا و رێساکانی نێو چاکسازییەکانن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، دوێنێ یەکشەممە، لەگەڵ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی قوتابیان لەنێو چاکسازییەکانیش بەشێوەیەکی رێکوپێک دەستیپێکردووە، بەڵام بە خوێندنی خێرا دەخوێنن واتە (دووساڵ بە ساڵێک).
دەربارەی خوێندنی قوتابیان لە رەگەزی مێ، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە هەموو چاکسازییەکان کچان و ئافرەتانیش هاوشێوەی کوڕان و پیاوان دەخوێنن زۆرترین ژمارەش لە هەولێر و سلێمانی بووە، لە پارێزگای دهۆک نەبوو، بەڵام ئێستا لە چاکسازی دهۆکیش کچان و ئافرەتان دەخوێنن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە کارلەسەر باشترکردنی رەوشی بەندکراوان دەکات و بەشداریکردنیان لە خوێندن و چەندین مافی دیکەیان بۆ رەخساندووە.