ژاپۆن ئامێری 'شوشتنی مرۆڤ'ـی بەرهەمهێنا

ژاپۆن ئامێری 'شوشتنی مرۆڤ'ـی بەرهەمهێنا
ژاپۆن ئامێری 'شوشتنی مرۆڤ'ـی بەرهەمهێنا

کۆمپانیایەکی ژاپۆنی بۆ یەکەمجار ئامێرێکی تایبەت بە خۆشوشتنی مرۆڤی بەرهەم هێنا. 

ئەم ئامێرە لە ماوەی 15 خولەکدا مرۆڤ دەشوات و وشکی دەکاتەوە. داهێنەرانی ئامێرەکە دڵنیایی دەدەن لە سەلامەتیی بەکارهێنانی بۆ پێست و تەندروستیی گشتیی مرۆڤ.

ئامێرەکە لە پێشانگای 'ئۆساکا کانزای 2025' نمایش کرا و بووە جێی سەرنجی ئامادەبووان. شوێنی یەک کەسی تێدا دەبێتەوە. بەکارهێنەر دەچێتە ناو ئامێرەکەوە و لە ماوەیەکی کورتدا سەرجەم لەشی پاک دەبێتەوە و وشکیش دەکرێتەوە.

بە گوتەی داهێنەرانی، نرخی ئامێرەکە نزیکەی 385,000 دۆلاری ئەمەریکییە. لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی 50 دانەی لێ بەرهەم هێنراوە و خواستی کڕینی لەسەرە.

ئامێرە نوێیەکە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووتری تێدا بەکارهاتووە. سوود لە "مایکرۆبابل" (microbubbles) وەردەگرێت، واتە بڵقی زۆر وردی هەوا بۆ پاککردنەوەی قووڵی کونیلەکانی پێست بەکاردەهێنێت. هەروەها، هەستەوەری زیرەکی تێدایە بۆ پێوانی باری بایۆمەتریی بەکارهێنەر، وەک لێدانی دڵ. بەپێی ئەم زانیارییانە، ئامێرەکە دەتوانێت ژینگەیەکی ئارامبەخش بخوڵقێنێت، بۆ نموونە بە پیشاندانی وێنەی ئارامکەرەوە لەسەر شاشەی ناوەوەی ئامێرەکە.

ئامانجی کۆمپانیاکە تەنیا پاککردنەوەی جەستە نییە، بەڵکوو ئارامکردنەوەی دەروونیشە. جگە لەوەی وەک داهێنانێکی نوێ سەیر دەکرێت، دەکرێت بۆ یارمەتیدانی کەسانی بەساڵاچوو و خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ناوەندە چاودێرییەکاندا سوودی لێ وەربگیرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment