ترەمپ: توانا سەربازییەکانی ئێرانمان بە تەواوی لەنێو بردووە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: کە ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان، کەشتیی جەنگی رەوانەی گەرووی هورمز دەکەن بۆ رێگریکردن لە هەڕەشەکانی ئێران. ترەمپ هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە توانا سەربازییەکانی ئێرانیان بە تەواوی لەنێو بردووە.

شەممە، 14ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نوسیوویەتی: ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان، بە تایبەت ئەوانەی بەهۆی هەوڵەکانی ئێرانەوە بۆ داخستنی گەرووی هورمز زەرەرمەند بوون، بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن کەشتیی جەنگی رەوانەی ناوچەکە دەکەن، بە ئامانجی هێشتنەوەی گەرووەکە بە کراوەیی و پارێزراوی.

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: توانا سەربازییەکانی ئێرانمان بە رێژەی 100% لەنێو بردووە، بەڵام بۆ ئەوان ئاسانە کە سەرەڕای تێکشکانیان، فڕۆکەیەک یان دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنێرن، مینێک فڕێبدەن، یان مووشەکێکی مەودا کورت ئاراستەی شوێنێکی ئەم رێڕەوە ئاوییە بکەن."

ترەمپ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەشداریی کارا بکەن و گوتی: "هیوادارین وڵاتانی وەک چین، فەرەنسا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، بەریتانیا و وڵاتانی دیکەش کە بەهۆی ئەم کۆتوبەندە دەستکردانەوە زەرەرمەند دەبن، کەشتییەکانیان رەوانەی ناوچەکە بکەن، بۆ ئەوەی گەرووی هورمز چیدیکە لە لایەن نەتەوەیەکەوە کە بەتەواوی بڕبڕەی پشتی شکێنراوە، نەکرێتە ئامانجی هەڕەشە."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و رایگەیاند: "لە هەمان کاتدا، ئەمریکا بۆردومانێکی یەکجار قورس و وێرانکەر دەکاتە سەر کەناراوەکانی ئێران و بەردەوام دەبێت لە پێکان و نقوومکردنی بەلەم و کەشتییە ئێرانییەکان."

دۆناڵد ترەمپ، لە پەیامەکەیدا بەتوندی جەختی لە ئامانجی سەرەکیی ستراتیژیەتی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند: "بە هەر شێوەیەک بێت، ئێمە لە ماوەیەکی نزیکدا گەرووی هورمز دەکەینەوە بە رێڕەوێکی کراوە، پارێزراو و ئازاد."

لە ماوەکانی رابردووشدا، ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی کردبوو، ئەگەر گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە دابخرێت، ئەوا زۆر بە چری ئەو وڵاتە بۆردوومان دەکات. لە بەرانبەردا ئێرانیش، زۆرینەی کەشتی ئەو وڵاتانەی کە بە بێ رەزامەندیی خۆی بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن دەیانکاتە ئامانج. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.