جەنگی دژی ئێران پێ دەنێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە
لە کاتێکدا جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێ دەنێتە هەفتەی سێیەمییەوە، لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی هەر سێ لا چڕتر دەبنەوە. ئیسرائیل باس لە چوونە ناو قۆناغێکی یەکلاکەرەوە دەکات و ئەمریکاش هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی ئێران بە "وەڵامێکی گونجاو" وەسف دەکات. لە بەرامبەردا تاران هەڕەشەی بەکارهێنانی مووشەکی وێرانکەرتر دەکات.
شەممە، 14ـی ئاداری 2026، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە لێدوانێکدا، ئاماژەی بەوە کرد، کە جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران پەرەی سەندووە و روو لە هەڵکشانە.
کاتس گوتی: "پێ دەنێینە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەی ململانێکانەوە، کە تیایدا هەوڵەکانی حکوومەتی ئێران بۆ خۆڕاگری ڕووبەڕووی بژاردەی خۆبەدەستەوەدان دەبێتەوە، ئەم قۆناغەش تا کاتی پێویست بەردەوام دەبێت."
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی ئەو "گورزە کەمەرشکێنە"ی کرد کە شەوی هەینی سوپای ئەمریکا وەشاندیە دوورگەی "خارگ"ی نەوتیی ئێران.
لە بەرامبەردا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران لە رێگەی میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەیەوە رایگەیاند: کە تاران پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتووتر.
ئەو گوتی: "ئێران جۆرەها مووشەکی بالیستی و چەکی دیکە بەکار دەهێنێت کە خاوەنی هێزێکی وێرانکەری زیاتر و پێکانێکی زۆر وردترن."
ئەم جەنگە کە لە 28ـی شوباتەوە هەڵگیرساوە، هێشتا ئاسۆی کۆتاییهاتنی دیار نییە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێداگرە لەسەر لاوازکردنی ئێران و رووخاندنی حکوومەتی وڵاتەکە. لە لایەکی دیکەشەوە، موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران، رۆژی پێنجشەممە لە یەکەمین پەیامیدا رایگەیاندبوو، کە تاران لەسەر جەنگ بەردەوام دەبێت و لەپای کوژرانی سەرکردەکانی، "باجی قورس بە دوژمنان دەدات و تۆڵە دەکاتەوە".