ئالان حەمە سەعید: کوردستان فاوندەیشن خزمەتی زۆری کەرتی پەروەردەی کردووە
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: لە ساڵیادی دامەزراندنی یەک ساڵەی کوردستان فاوندەیشندا پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی 100 قوتابخانە ڕاگەیەنرا، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ساڵیادی دامەزراندنی یەک ساڵەی کوردستان فاوندەیشندا پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی 100 قوتابخانە ڕاگەیەنرا.
وەزیری پەروەردە گوتی: تەواوی ئەو قوتابخانانە باخچەیان بۆ دروستدەکرێت، فلتەر و تانکەری ئاوی سەرجەم قوتابخانەکان دەگۆڕدرێت و خاوێندەکرێتەوە، بۆ ئەوەی قوتابییان دەستیان بە ئاوی پاک بگات، چونکە ئەمە یەکێکە لە ستانداردە جیهانییەکان.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەی ساڵێکدا کوردستان فاوندەیشن توانیویەتی بەخششێکی زۆر پێشکەش بکات و خزمەتێکی زۆری کەرتی پەروەردەی کردووە.
