ترەمپ: بیر لە داواکەی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی سیستەمی بەرگریی دەکەمەوە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بیر لە داواکەی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی سیستەمی بەرگریی دەکەمەوە، دەشڵێت: دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵدا ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران کرایە ئامانج، هەڵوێستی عێراق بەرامبەر واشنتنن بە تەواوی گۆڕاوە و زۆر دۆستانەتر بووە.

ڕۆژی سێشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی، سەبارەت بە پێدانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە هەرێمی کوردستان دەڵێت، بیری لێدەکەینەوە و ئەمە پێشتر لە پێشینەی کارەکانی نەبووە، بەڵام ئێستا زیاتر گوێبیستی ئەو بابەتە دەبێت.

ترەمپ گوتی: دۆخی عێراق لە چاو ئەو کاتەی کە هێشتا توانای ئەتۆمیی ئێرانمان لەناونەبردبوو، زۆر جیاوازە و پەیوەندییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا، ئێران ئێستا لە ڕووی فاکتەری ترسەوە چەندین پلە دابەزیوە و چیتر ئەو ڕۆڵە باڵادەستەی نەماوە. ڕوونیشی کردەوە: پێشتر ئێران ڕۆڵی چاوسوورکەرەوەی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕا و عێراقیش لەلایەن تارانەوە دەچەوسێنرایەوە.

ترەمپ جەختیشی لەوە کردەوە، بەڵام دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئێستا عێراق زۆر کراوەترە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ واشنتنن و ئامادەیی زیاتری هەیە بۆ لێکتێگەیشت.

گوتیشی: عێراق منی بۆ خەڵاتی نۆبڵ کاندید کرد و ئەمە شەرەفێکی گەورە بوو، چاوەڕێی ئەوەمان لە عێراق نەدەکرد.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر سەرۆکێکمان هەبوو پێی وابوو زۆر زیرەکانەیە ئەگەر هێرش بکەینە سەر عێراق؛ هێرشمان کرد و لەناکاو لەبری ئەوەی هێزێک هەبێت لەگەڵ ئێران یەکسان بێت، وای لێهات ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر حوکمڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment