پاتریارکیی کلدان: هێرشکردنە سەر کۆرمۆر دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات

پاتریارکیی کلدان بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات و بە هۆکاری بڕانی کارەبا و ئاڵۆزتربوونی دۆخی عێراقی دەزانێت، هاوکات داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن، پەلە بکەن لە یەکخستنی هەڵوێستەکان و پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
پاتریارکیی کلدان بە نوێنەرایەتیی کاردیناڵ لویس ڕافائێل ساکۆ، لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتیی توندی خۆی بەرانبەر بەو هێرشە دەربڕی کە کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان. 

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کردەوەیە بووەتە هۆی بڕانی تەزووی کارەبا لە هاووڵاتییان و دامەزراوە هەستیارەکان، هەروەها ئەو جۆرە هێرشە بێهوودانە و نمایشکردنی هێزە، تەنیا دیمەنی سیاسیی عێراق ئاڵۆزتر دەکەن و هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکەن.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، پاتریارکیی کلدان جەختی لە گرنگیی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکان کردەوە و بە پێویستی زانی لایەنە سیاسییەکان بە خێرایی کار بۆ یەکڕیزی و هەماهەنگیی هەڵوێستەکان بکەن، ئامانج لەم هەوڵەش پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانییە لە زووترین کاتدا.

پاتریارکیی کلدان ڕوونی کردەوەتەوە، دەبێت حکوومەتی داهاتوو حکوومەتێکی ڕژد بێت و هەوڵی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە کەڵەکەبووەکان بدات، ئەوەش لە ڕێگەی گفتوگۆی بەرپرسیارانە و بوێرانە، دوور لە عەقڵییەتی بەرتەسکی تایفەگەری، تاوەکوو بتوانێت خزمەت بە بەرژەوەندیی وڵات و تەواوی هاووڵاتییانی عێراق بکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment