دیندار زێباری: نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە ئەرکەکەی سەرکەوتوو نەبوو

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات، دەرچوونی یونامی لە عێراق لەسەر داوای شیعەکان بووە و کورد و سوننە بەم بڕیارە ڕازی نەبوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، دیندار زێباری، رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 8:00 بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە دۆخێکدا کۆتایی بە چالاکییەکانی دەهێنێت لە ماوەی کاری خۆی لە عێراق سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، دەرچوونی یونامی لە عێراق لەسەر داوای شیعەکان بووە و کورد و سوننە بەم بڕیارە ڕازی نەبوون.

گوتیشی: زۆر ماددەی دەستووری هەبوون، وەک ماددەی 140 ڕۆڵی یۆنامی تێیدا سەرکەوتوو نەبوو، هەروەها لە دامەزراندنی سیستەمێکی دامەزراوەیی لە عێراق نەیتوانی سەرکەوتوو بێت، دوای کۆتایی ئەمساڵ چاودێری سیاسیی نێودەوڵەتیی لەسەر عێراق نامێنێت.

رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکات، وڵاتانی زلهێز و ئەمەریکا جەخت لەوە دەکەنەوە نابێت، گرووپە میلیشیاکان وەک بەشێک لە پرۆسەی سیاسی عێراق بمێنن، بەڵام ئەمە تەنیا بە قسە بووە، بەشێوەی کرداری هیچ هەوڵێکی نەدراوە.

 
Fly Erbil Advertisment