مارکۆ ڕوبیۆ: مادورۆ ڕێگە بە ئێران دەدات پێگەی لە ڤەنزوێلا هەبێت
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە ساڵانی ڕابردوودا پێنج ڕێککەوتنی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان کردووە و هەموویانی شکاندووە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی" فۆکس نیوز" گوتی: ناڕەزایەتی مادورۆ لە کارەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەبارەت بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، "ئەوە نیشان دەدات کە ماددە هۆشبەرەکان بە قاچاخ لە ڤەنزوێلاوە دەنێردرێنە دەرەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕێگەی بە ئەرکێک داوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکە، هەروەها ڤەنزوێلا بە "سەرچاوەی ناسەقامگیری بۆ هەموو ناوچەکە" دەزانێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە، ڕژێمەکەی نیکۆلاس مادورۆ، ڕێگە بەوە دەدات کۆکاین و ماددە هۆشبەرەکانی دیکە کە لە کۆڵۆمبیا بەرهەم دەهێنرێن لە ڕێگەی خاکی ڤەنزوێلاوە بگوازرێنەوە بۆ ئەمەریکا.
مارکۆ ڕوبیۆ، گوتیشی" ڤەنزوێلا پێگەیەکی گەورەی لە ناوچەکە پێشکەش بە حکوومەتی ئێران و سوپای پاسداران و تەنانەت حزبوڵڵای لوبنانیش کردووە.
