مانگی ڕابردوو 56 بوومەلەرزە لە هەرێمی کوردستان ڕوویان داوە
لە مانگی تشرینی دووەمدا 300 بوومەلەرزە لەڕێگەی ئامێرەکانەوە تۆمار کراون کە 56ـیان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بوون.
بەپێی ئاماری تۆڕی بوومەلەرزەی کوردستان، زۆرترین ژمارەی بوومەلەرزە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە و بەهێزترینیشیان لە نزیک دەربەندیخان ڕووی داوە، لە کاتێکدا دهۆک و هەڵەبجە هیچ بوومەلەرزەیەکیان تێدا تۆمار نەکراوە.
تۆڕی بوومەلەرزەی کوردستان بڵاوکراوەیەکی تایبەتی بە ڕووداوەکانی بوومەلەرزەی بۆ مانگی تشرینی دووەمی 2025 بڵاو کردەوە.
بەگوێرەی داتاکان، کۆی گشتیی ئەو جووڵانەی زەوی کە تۆڕەکە تۆماری کردوون، 300 بوومەلەرزە بووە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 56 بوومەلەرزەیان لەناو سنووری جوگرافیی هەرێمی کوردستاندا ڕوویان داوە.
سەبارەت بە بەهێزترین بوومەلەرزەی مانگەکە، ئامارەکە دەریخستووە، لە ڕێککەوتی 20ـی تشرینی دووەمدا، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 2.8 پلە تۆمار کراوە کە 27 کیلۆمەتر لە شارەدێی دەربەندیخانەوە دوور بووە.
لە ڕووی دابەشبوونی جوگرافییەوە، پارێزگای سلێمانی زۆرترین پشکی بەرکەوتووە و لە ماوەی مانگەکەدا 40 بوومەلەرزەی تێدا ڕووی داوە، دوای ئەویش پارێزگای هەولێر دێت کە 16 بوومەلەرزەی تێدا تۆمار کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە دۆخەکە جێگیر بووە و هیچ ڕووداوێکی بوومەلەرزە لەو مانگەدا تۆمار نەکراوە.
