کتێبێکی خانمە نووسەرێکی کورد لە ستۆکهۆڵم ناسێندرا
سەیران دوران خانمە نووسەرێکی کوردی جۆڵەمێرگە کە دانیشتووی سویدە و سەرۆکایەتیی یەکێتی ئافرەتانیی ئەو وڵاتەیە، کتێبێکی نوێی خۆی ناساند.
ئەو، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "لەم کتێبەدا ویستم باس لە ژیاننامەی خۆم بکەم وەکو ئافرەتێکی کورد کە لە هەر چوار پارچەی کورستاندا ژیاوە و لەنێو کاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بووە." ئاماژەی بەوەش دا
"پەیامێکم هەیە دەمەوێت بە گەلی سویدی بگەیەنم و هەر بەو هۆکارەش کتێبەکەم بە زمانی سویدی نووسیوە."
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو نووسەرە کوردە گوتی، "ئامانجی من ناساندنی هێز و توانای ئافرەتی کوردە بۆ ئەوەی ئەم تێڕوانینە نەرێنییەی لەسەر ئافرەتانی بیانی لە سویددا هەیە ڕاست بکرێتەوە."
وەکوو ئەو باسی کرد "ئافرەتی کورد بە دەگمەن ژیاننامەی خۆیان دەنووسن، بۆیە ویستم ئەو هەنگاوەم وەک ڕێگە خۆشکەرێک بێت بۆ ئافرەتانی دیکەش کە ژیاننامەی خۆیان بنووسن، چونکە ژیانی هەر ئافرەتێکی کورد چیڕۆکێکە."
ڕۆزا کوردی، چالاکوانێکی کوردی دانیشتووی سوید کە لە ڕێوڕەسمەکە ئامادە بوو، گوتی،" سەیران دوران بۆ زۆر ئافرەتی کورد نموونەیەی بەرخودان و ئازادییە و ئێمە شانازی پێ دەکەین."
نیشتی ستێرک، ئەکتەرێکی کوردی سویدییە و بە پێویستی دەزانێت هەموو کەسێک کتێبەکەی سەیران بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی بزانێ مرۆڤ دەکرێت هەر شتێک بکات کە بیەوێت.
