مەهدی ئومێد: ئێمە سینەمای کوردیمان نییە

دەرهێنەرێکی سینەمایی کورد دەڵێت: "ئێمە سینەمای کوردیمان نییە، بەداخەوە وا دەڵێم، بەڵام ئەوە ڕاستییە و ناشاردرێتەوە، من کە لە کۆتایی هەشتاکان بە فیلمی درێژ دەستم پێ کرد، ئەو کاتە بە شانازییەوە فیلمەکانم دەبردە فێستیڤاڵەکان، دەیان فێستیڤاڵ داوایان دەکرد بچم فیلمەکەم لەوێ نمایش بکەم.

مەهدی ئومێد دەرهێنەری سینەمایی کورد، دەربارەی دروستبوونی سینەمای کوردی گوتی: ئەگەر ئێمە بەباشی سەیری مێژووی خۆمان بکەین دەبینین، لە ساڵی 2000 بەرەو ژوورەوە، هونەرمەندان دەستیان برد بۆ سینەما، بەڵام کە ئێمە هاتینەوە، کادیری سینەماییمان پەیدا کرد و توانیمان چەند خولێک بکەینەوە و کامێرای سینەماییمان هێنا، ئێمە توانیمان سپۆنسەری چەندەها فیلم بکەین و لە دەرەوەی وڵات نمایش بکەن.

دەشڵێت: سینەمای کوردی بەدوای شوناسی خۆیدا دەگەڕێت، چونکە سینەما موڵکی نەتەوەیە، سینەما شیعر نووسین نییە، لاپەڕەیەک بەدەستت بێت و شیعر بنووسیت، چونکە سینەما پارەی دەوێت، سینەما دەبێت سپۆنسەری بۆ پەیدا بکەیت، ئەوەش بە هاوکاری کۆمپانیای سینەمایی و کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی دەکرێت، بەڵام ناکرێت بەس پارە خەرج بکرێت، دەبێت پلان هەبێت و ئەو فیلمانە بە پلیت بفرۆشرێت و هەزاران خەڵک بیبینێت، ئایا هونەرمەندی کورد دەتوانێت بڵێت پیشەی من سینەمایە و لەسەر سینەما دەژیم، بەڵام ئێمە تا ئێستا ئەوەمان نییە، بۆیە سینەمای کوردی ئێستا وەکوو ئەوە وایە کە ئێمە شیعرێکی شۆڕشگێڕانە بنووسین، سینەماش ئەوە قبووڵ ناکات و وەری ناگرێت، بۆیە هیچ لایەک ئامادە نییە پارە خەرج بکات بۆ فیلمێک کە وەک شیعر وا بێت، بۆیە من پێم وایە فیلمی ئێستا ناتوانێت لە فێستیڤاڵەکانی دەرەوە باڵا دەست بێت.

باسی لەوەش کرد، "ئێمە سینەمای کوردیمان نییە، ئەوە نیگەرانییەکی گەورەیە لەسەر دڵی هەموو سینەماکارانی کورد، خەڵک هەیە تا ئێستا 10 فیلمی سینەمایی نەبینیوە، کەچی دەرهێنان بۆ فیلمی سینەمایی دەکات، ئاخر ئەوە چۆن نیگەرانی نییە، من کە لە کۆتایی هەشتاکان بە فیلمی درێژ دەستم پێ کرد، ئەو کاتە بە شانازییەوە فیلمەکانم دەبردە فێستیڤاڵەکان، دەیان فێستیڤاڵ داوایان دەکرد بچم فیلمەکەم لەوێ نمایش بکەم.

ئاماژەشی دا، ئێمە ساڵانە فێستیڤاڵی سینەمامان هەیە کە لە دهۆک دەکرێت، تا ڕادەیەک فێستیڤاڵێکی باشە و جێگەی دەستخۆشییە کە فیلمی جیهانی و ناوخۆیی تێدا نمایش دەکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئێمە چۆن بتوانین سینەمایەکی کوردی دروست بکەین کە لە ئاستی سینەما جیهانییەکان بێت، بەداخەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە ئەوە بکەین، هیوادارم لە داهاتوودا کاری باش بکرێت و سینەمای کوردی بەرەو پێش ببرێت.

مەهدی ئومێد باس لەو سەردەمە دەکات کە دەستی بۆ سینەما برد و دەڵێت: سینەما لە سەردەمی ئێمە ماندووبوونێکی زۆری دەویست، هیچ دەرفەتێک نەبوو بۆ دروستکردنی فیلمی کوردی، چونکە ئێمە هیچ دامودەزگایەکمان نەبوو، بۆ ئەوەی فیلمەکانمان مۆنتاژ بکەین، بەڵام ئەمڕۆ دونیای دیجیتاڵ هاتووەتە پێشەوە و کارەکانی زۆر ئاسان کردووە، خەرجییەکانی کەم کردووەتەوە، تەنیا پێویستیت بە سیناریۆی باش و دەرهێنەرێکە کە فیکرەی سینەمایی باشی هەبێت، پێویستیت بە ئەکتەری باش و وێنەگری باشە، بۆیە ئێمە پێویستمان بە فیلمی باشە، بۆ ئەوەی سەیری هەر فیلمێکی کوردی بکەیت چێژی لێ ببینیت.

جەختیش لەوە دەکاتەوە، چێژ بینین لە فیلم زۆر گرنگە، ئێمە کە فیلمێکمان بەرهەم دەهێنێت دەمانزانی تا چی ڕادەیەک بینەر چێژ لە فیلمەکەمان دەبینی، بڕۆ سەیری سینەماکانی کوردستان بکە بزانە چەند خەڵک دێت بۆ سەیرکردنی فیلمی کوردی، تەنیا خەڵکێکی زۆر کەم دانیشتوون و ئەویش ئاگایان لە هیچ نییە و تەنیا دانیشتوون و سەیر دەکەن و بێ ئەوەی هیچ شتێکی لێ تێبگەن.

هەروەها مەهدی ئومێد دەرهێنەری سینەمایی باس لە پرۆژەی نوێی خۆی دەکات و دەڵێت: من ساڵانێکی زۆرە وەستاوم، من سیناریۆم زۆرە و ئارەزوومە بیانکەم، یەکێک لەو سیناریۆیانەی کە ئاواتمە بیکەمە فیلم ئەویش "داستانی پردی دەلالە" داوام کردووە کە بیکەمە فیلم، چونکە ئەو فیلمە بۆ مێژووی زاخۆ زۆر گرنگە، چونکە ئەو فیلمە کارێکی مێژوویی زۆر گەورەیە و باس لە مێژووی کوردستان دەکات. جگە لەوە سیناریۆی باشم هەیە دەربارەی کەرکووک، داستانی خواکورک، هەولێر، زۆر بیرۆکەم هەیە، بەڵام تا ئێستا دەرفەت نەبووە بیکەمە فیلم و هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم ئەو بیرۆکە و پرۆژانەم بیکەمە فیلمێکی جوانی سینەمایی.

مەهدی ئومێد دەرهێنەرێکی دیاری سینەمایی کوردە و بە ڕەچەڵەک ڕواندزە و لە ساڵی 1955 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە. لەگەڵ ماڵباتی دانیشتووی وڵاتی سویدن و لە ساڵی 2000 وە گەڕاوەتەوە کوردستان و لە هەولێر دەژیت. خاوەنی چەندەها فیلمی سینەماییە و فیلمی تونێل بە یەکێک لە بەرهەمە تایبەتەکانی مەهدی ئومێد دادەنرێت و کە لە ساڵی 1990 ئەم فیلمەی بەرهەم هێناوە.

 
Fly Erbil Advertisment