پەرلەمانتارێکی ئێران هۆشداری لە قەیرانی گرانی و هەڵاوسان لە وڵاتەکەی دەدات

قەیرانی خۆراک و گرانیی بازاڕ، تەنگی بە بژێویی خەڵک هەڵچنیووە، لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا لەسەرتاسەری ئێران هەڵاوسان بە ڕێژەی 20% زیاد کردووە، ئەمەش سەنگەر لەیەکگرتنی باڵی نەریتخوار و چاکسازیخوازەکانی لە پەرلەمانی وڵاتەکە زەقتر و توندترکردووە و پەرلەمانتارێکیش ڕەخنە لە حکوومەت دەگرێت.

حوسێنعەلی حاجی دلیگانی، پەرلەمانتار و نوێنەری دانیشتووانی شاهین شاری پارێزگای ئیسفەهان، کە لە سەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران -عێراق، فەرماندەی سوپای پاسداران بووە، لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بە دەنگی بەرز ڕەخنە لە حکوومەت و دەسەڵاتی ئێران دەگرێت و دەڵێت "10 ڕۆژە برنجی هاوردەکراوی پێنج هەزار تومەنی لە بازاڕەکاندا نەماوە و هەڵاوسان لە 30% یەوە گەیشتووەتە 50%، کەچی حکوومەتی بێباکە و هیچ ڕوونکردنەوەیەک نادات."

 دلیگانی، ڕوو لە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت "جەنابی سەرۆک پەرلەمان و هاوکاران، دڵنیام ئاگەدارن 10 ڕۆژ برنجی هاوردەکراو لە بازاڕ بەدەست ناکەوێت، برنجێک کە تەنیا کیلۆیەکی دەتوانێت لە 24 کاتژمێردا هەر هیچ نەبێت خانەوادەیەک تێر بکات، باشە پێم ناڵین ئەو برنجە بۆ کوێ بردراوە و چی لێکراوە؟

ئەو پەرلەمانتارە بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات "بۆچی حکوومەت ڕێگرە لەوەی ڕوونکردنەوە لە بارەی برنجی هاوردەکراو بۆ خەڵک بدرێت؟ کەس نازانێت ئەم حکوومەتە چ پلانێکی هەیە و بەنیازە چی بکات؟ نازانم بۆچی وەڵامی هاووڵاتیان ناداتەوە و بە خەڵک ناڵێت ئەو برنجە بۆ لە بازاڕ نەماوە و بۆ کوێ بردراوە؟"

هەروەها دەپرسێت، ئایا هیچ خێزانێک بەم قەیرانەی کە هەیە دەتوانێت لە بری برنجێک کە کیلۆی بە پێنج هەزار تومەنە، برنجێک بکڕێت کە کیلۆیەکی بە 150 هەزار تومەنە، واتە 300 جار گرانتر لە نرخی ئاسایی؟ بێگومان هیچ کەس و خێزانێک لە توانای دا نییە برنج بەو نرخە بەرزە بکرێت.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو پەرلەمانتارەی نەریتخوازە جارێکی دیکە بە ناوهێناوەی قالیباف دەڵێت: جەنابی سەرۆک پەرلەمان، خانەنشێنێک بە مووچەی مانگانەی 13 ملیۆن تومەن بێت، ئەگەر کرێنشین بێت و نیوەی مووچەکەی بداتە کرێی خانوو، مانگێک بە حەوت بۆ هەشت ملیۆن تومەن لەگەڵ هاوژین و سێ منداڵەکەی دەبێت چی بخۆن و چۆن بژین؟

دلیگانی، هەروەها باسی لە هەڵاوسان دەکات و دەڵێت: سێ مانگ لەمەوبەر هەڵاوسان 30% بوو، ئێستا گەیشتووەتە 50%، کەچی هیچ کەسێک نایەت بۆ خەڵکی ڕوون بکاتەوە، هۆی ئەم قەیران و هەڵاوسانە چییە؟ هیچ کەسێک نییە چاودێری بازاڕ و نرخ بکات.

ئەو هەروا ڕەخنە بڕینی هاوکاری دارایی خێزان (یارانە) لە حکوومەت دەگرێت و دەڵێت: ئێستا کە هاوکاریان لە خەڵکی بڕیوە وا دەزانن هیچ ڕووی نەداوە، بەڵام کارێکی نابەجێیە، ئەو خێزانانەی باری داراییان خراپە، شایستەی ئەوەن هاوکاری بکرێن، نەک هاوکاریان ببڕدرێت.

حوسێنعەلی حاجی دلیگانی لە کۆتایی قسەکانیدا، داوا لە سوپای پاسداران، ئیتڵاعات و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە دەکات دەستوەردان لە کاروباری حکوومەتدا بکەن، چونکە بەرپرسەکان هیچ چارەسەرییەکیان بۆ ئەو کێشە و قەیرانانەی بەرۆکی هاووڵاتیانی گرتووەتەوە، نییە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment