مایکڵ ڕیگەس: شانازی بە هاوبەشیی قووڵمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مایکڵ ڕیگەس، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر گوتی: زۆر سوپاس بۆ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی.
مایکڵ ڕیگەس ڕایگەیاند, "ئەم کونسوڵخانە نوێیە زیاترە لە باڵەخانەیەک؛ ئەمە بەڵگەی ئەو بەها و پەیوەندییە بەهێزەیە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکادا هەیە." ئاماژەی بەوەش دا, ئەم باڵەخانەیە باشترین ئەندازەسازی و دیزاینی ئەمەریکی تێدا بەکارهاتووە و دەبێتە پلاتفۆرمێک بۆ فراوانکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
لە بەشێکی گرنگی وتارەکەدا، بەرپرسەکەی ئەمەریکا ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و گوتی: "هەبوونی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و پێداگر، ستوونی سەرەکییە بۆ پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق." هەروەها ستایشی ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کرد وەک "هاوبەشێکی ئەمنی و دەنگێکی متمانەپێکراو" لە ناوچەکەدا.
دەشڵێت: شانازی بە هاوبەشیی قووڵمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ئەمەریکا، پەیامێکی توندی ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکان کرد و داوای لە هاوبەشە عێراقی و کوردستانییەکان کرد پێکەوە کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لەو میلیشیا ئێرانییانەی کە لە ناو عێراقدان و ناوچەکە تێکدەدەن. هەروەها ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کێڵگەی گازی "کۆرمۆر"ی کرد و جەختی کردەوە، پێویستە یاسا سەروەر بێت و ئەنجامدەرانی ئەو کارانە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
لایەنێکی دیکەی وتارەکە تایبەت بوو بە بواری ئابووری؛ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ئەمەریکا کاری لە پێشینەی داوەتە بازرگانی و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان هان دەدات لە هەرێمی کوردستان کار بکەن، هەروەها پشتیوانیی خۆی بۆ کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا دەربڕی و بە هەنگاوێکی گرنگی وەسف کرد بۆ سەربەخۆیی وزە و بەرژەوەندی هەموو لایەک.
لە کۆتاییدا، نوێنەری ئەمەریکا پابەندبوونی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و سووریا و ڕایگەیاند، هیچ دۆستێکی بەهێزتر لە ئەمەریکا نییە بۆ پێکهاتەکان.