مەسرور بارزانی: کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر گەواهی پەیوەندیی بەهێزی کورد و ئەمەریکایە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، هەر کاتێک پێویستمان بە ئەمەریکا بووبێت پاڵپشتمان بووە، هەروەها شانازی بە هاوپەیمانێتی ئەمەریکاوە دەکەین. جەختی لەوەش کردەوە، بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ واشنتن.
چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەم 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، وێڕای بەخێرهانی میوانەکان، ڕایگەیاند: زۆر شەرەفمەند و دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لێرەم، ئەم باڵەخانە نوێیە وەک چیایەک و تاشەبەردێکی بەهێز لە هەولێر وەستاوە نالەرزێت، ئەوەش بەڵگە و گەواهیدەری پەیوەندیی بەهێزی نێوان گەلی کوردستان و ئەمەریکایە.
هاوکات دەڵێت: پیرۆزبایی لە هەمووان دەکەم بۆ ئەو باڵەخانەیە زۆر جوان و ناوازەیە، کە بەردی بناغەی پەیوەندییەکانی ئێمە و نموونەیەکی جوانی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ ئەمەریکا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا لە ڕابردوودا شانبەشانی ئێمە وەستاوە هەر کاتێک ئێمە پێویستمان پێیان بووبێت لەگەڵمان بوونە، لە ساڵی 1991 لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەوە، ئەمەریکا هاوکاری ئێمە کرد و نوای ئارام و ناوچەی دژە فڕینیان بۆمان دروست کرد.
باسی لەوە کرد، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر چەند پارێزگایەکی عێراق و بووە مایەی مەترسی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا جارێکی دیکە هات و هاوپەیمانی دروست کرد و هاوکاریمانی کرد بۆ لەناوبردنی تیرۆر.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: هەر ئەمەریکا بوو هاوکاری ئێمەی کرد بۆ بنیاتنانی ئەو وڵاتەی کە ئێمە تێیدا دەژین، بەبێ ئەمەریکا قورس بوو ئەو شتە ڕوو بدات، ئەمەریکا بوو دڕندەترین ڕژێمی دیکتاتۆری لە عێراق لەناو برد.
دەشڵێت: بۆیە لە هەرێمی کوردستان زۆر سوپاسگوزارین بۆ هەموو ئەو شتانەی کە بۆ ئەمەریکا بۆ ئێمەی کردووە، شانازی بە هاوپەیمانێتی ئەمەریکاوە دەکەین و بەردەوام دەبین لەگەڵ ئەمەریکا بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو و قۆناغی داهاتوو.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواومان هەیە، پاڵپشتی سیاسەتی سەرۆک ترەمپ دەبین کە دەڵێت، "ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە، بازرگانی نەک ململانێ"، بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمەریکا و حکوومەتی عێراق.
لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "نزیک دەبینەوە لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو لە عێراق، دەمانەوێت حکوومەتی داهاتوو ڕێز لە دەستوور بگرێت هەوڵ بدات ڕێز لە هەر پێکهاتە و ئایینێک بگرێت کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەژین."
جەختی لەوەش کردەوە "شانازی دەکەین کە هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەی هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانوێت لە شوێنێکی ئارام بژین و لێرە پارێزراون."
لە کۆتایی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک پێویستمان بە ئەمەریکا بووبێت پاڵپشتمان بووە، ئێستا ئێمەش پاڵپشتی ئەوانی دیکەین، پێکەوە دەتوانین وڵاتێکی جوانتر و هەرێمێکی جوانتر و داهاتوویەکی جوانتر بنەخشێنین.