هۆکار و چارەسەری خووی نینۆک گەستن لە منداڵان
نینۆک گەستن یەکێکە لە خووە ناتەندروستەکانی منداڵان و هەرزەکاران، هۆکارەکان چین؟، چۆن دەتوانرێت چارەسەری نەهێشتنی ئەم خووە بکرێ؟.
خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاریی ئۆنلاین کە سەر بە کۆنفرانسی فیدراڵی بۆ ڕێنمایی پەروەردەییە لە ئەڵمانیا، ڕایگەیاندووە، چەند هۆیەک بۆ نینۆک گەستن لای منداڵان و هەرزەکاران هەن، هەندێکیان ئاسایین و هەندێکیشیان مەترسیدارن.
خزمەتگوزارییە ڕاوێژکارییەکە ڕوونیکردووەتەوە، هۆکارە سادەکان بریتین لە بێزاری و گرژیی دەروونی کە لە ئەنجامی ئەو فشارەوە دروست دەبێت کە دایک و باوک دەیخەنە سەر منداڵەکانیان، بە نموونە بەهۆی خوێندنەوە.
هۆکارە مەترسیدارەکان:
هۆکارە مەترسیدارەکانی نینۆک گەستن بریتین لە، کەمیی بایەخدان بە خود، کەمیی متمانە بەخۆبوون، ترس، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.
خزمەتگوزارییە ڕاوێژکارییەکە هۆشداری بە دایک و باوکان دەدات بۆ دەربڕینی توندوتیژی بەرانبەر منداڵ یان سەرزەنشتکردنیان، چونکە زۆرجار دەبێتە هۆی ئەنجامی پێچەوانە و خراپتربوونی دۆخەکە.
هەروەها ئامۆژگارییەکی بۆ دایک و باوکەکان هەیە کە لەبری خوو و نەریتە نەرێنییەکان، پێویستە دایک و باوک ئارام و لەسەرخۆ بن و قسە لەگەڵ منداڵەکەیان بکەن بۆ زانینی ئەو کێشە و سەختییانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە و هانی بدەن کە ئەمەی دەیکات، خووێکی ناپەسەندە، هەروەها یارمەتی بدەن بۆ چارەسەرکردنی و کۆنترۆڵکردنی کێشەکەی.
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
خزمەتگوزارییە ڕاوێژکارییەکە جەختی کردووەتەوە، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت ئەگەر خووی نینۆک گەستنەکە نیشانەی دیکەی لەگەڵدا بوو، وەک ڕەفتاری تووند، تووڕەبوونی خێرا، هەڵچوون، حەزکردن بە گۆشەگیری، هەستی خەمۆکی و بیرکردنەوە لە ئازاردانی خود.
دەکرێت هۆکاری ڕاستەقینەی نینۆک گەستنەکە لە ڕێگەی چارەسەری دەروونییەوە، وەک چارەسەری ڕەفتاریی مەعریفی (CBT)، دەستنیشان بکرێت و ستراتیژی جێگرەوە فێری منداڵەکە بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هۆیە نەرێنییەکان و ڕزگاربوون لە خووەکە.
