نەعمان کورتوڵمووش: قۆناغی گوێگرتن لە لایەنەکان کۆتاییهاتووە
کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمان، 19مین کۆبوونەوەی ئەنجامدا و ڕایگەیاند: کۆتا دانیشتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان لە ئیمراڵی بەڕێوەچوو، هەروەها ئەو شاندەی چووەتە ئیمراڵی زانیاری لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ڕادەگەیەنێن.
پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، نەعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزیی نیشتمانی لە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانان لەگەڵ11 لایەن پێکهێندراوە، تاوەکوو ئێستا گوێی لە 134 کەس و دامەزراوە گرتووە.
سەرۆکی پەرلەمان گوتی: پرۆسەی دانیشتنەکان بە دانیشتن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆتایی هات. گەیشتووەینەتە قۆناغی ڕاپۆرتکردنی ئەنجامی کار و دانیشتنەکان، تاوەکوو ئێستا شەش ڕاپۆرتی لایەن و کەسایەتییەکان گەیشتووەنەتە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
هەروەها ڕایگەیاند: هەموومان دەمانەوێت تفەنگەکان بێدەنگ بن، توندوتیژی کۆتایی پێبێت، دایکان واز لە گریان بهێنن و داهاتووی وڵاتەکەمان تاریک نەبێت، بۆیە پێویستە ئێمە ئاگاداری قسە و هەڵوێستەکانمان بین. هەوڵی وێرانکەر هەیە، دەبێت هەستیار بین. ئەمە بابەتی یەک لایەن نییە. ئەگەر پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، ئەوانەی دژایەتیان کردووە، سوودمەند دەبن.
هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی کۆی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاریدا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن لە دوورگەی ئیمراڵی.
لە کۆمیسیۆنەکەدا 32دەنگی بەڵێ، 3 دەنگی بێلایەن و 2 دەنگی نەخێر هەبوون.
