عەبدولخالق تەڵعەت: ڕێکاری پێویست نەگیرێتە بەر هێرشەکانی هاوشێوەی سەر کۆرمۆر دووبارە دەبنەوە
شارەزایەکی ئەمنی ئاشکرای دەکات، دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی هێرشەکەی سەر کیڵگەی غازی کۆرمۆر باشە، بەڵام بەو مەرجەی جێبەجێ بکرێت، هەروەها ئەو شوێنەی هێرشەکەی لێ ئەنجامدراوە، لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق دایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەبدولخالق تەڵعەت، شارەزا لە بواری ئەمنی و سەربازی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، ژینۆ محەممەد، پێشکەشی دەکات ڕایگەیاند: لیژنەی ئەمجارە جیاوازی لەگەڵ ڕابردوو ئەوەیە لە ئاستێکی زۆر باڵا دابوو، کەسانی زۆر شارەزا و بە ئەزموونی تێدابوو، بەتایبەتی ئەوانەی شارەزاییان لە بواری درۆن و هێرشە مووشکییەکانەوە هەیە.
عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکە باشە، بەڵام بەو مەرجەی جێبەجێ بکرێت، هەر زوو شوێنی هەڵدانی درۆنەکان دەستنیشانکرا، بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە کارەکە ئاسانتربوو، شوێنەکە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق دایە، هیچ بۆشایەکی ئەمنی لەو شوێنە نییە، هێرشەکە لەناوخۆدا کراوە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دەرەوە نییە، هەروەها ڕاپۆرتەکە بەرپرسیاریەتی خستووەتە سەر شانی لیواکانی حەشد و سوپای عێراق.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەی ڕابردوو ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر هیچ ڕێکارێک نەگیراوەتەبەر، چونکە ئەو هێزانە لەسەرووی دەسەڵاتن، تەنانەت لە ماوەی ڕابردوو درۆن بەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق کەوت، بەڵام هیچ ڕێککارێک نەگیرابەر و بابەتە تێپەڕی، حکوومەتی عێراق توانای نییە ڕێککار بەرانبەر هەموو گرووپە چەکدارەکان بگرێتەبەر و بیان وەستێنێت.
عەبدولخاڵق تەڵعەت جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر ڕێکاری توند نەگیرێتەبەر، هێرشی دیکەی هاوشێوەی کۆرمۆر دووبارە ببێتەوە، بەڵام پێویستە ناوی بکەرانی هێرشەکان ئاشکرا بکرێت بۆ رای گشتییی، لە ماوەی ڕابردوو حکوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک ڕەزامەندی نەداوە لەسەر پێدانی سیستەمی بەرگریی بە هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە.
درەنگانی شەوی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بۆردومان کرا، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و هەناردەی گاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی کارەبا ڕاگیران.
هەروەها بەرەبەیانی پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە دابوو، بە مووشەک هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە تەواویی هەناردەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیران.
دوو ڕۆژ دوای ڕووداوەکە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، شاندێکی ئەمنیی باڵای هاوبەش بە سەرۆکایەتیی وەزیرانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گەیشتنە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، ئامانجی سەرەکییان ئاشکراکردنی ناسنامەی هێرشبەران و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل بوو بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
