ئانۆ جەوهەر: مردووەکانمان لە ئێوە بەهێزترن

ئانۆ جەوهەر
ئانۆ جەوهەر

ئانۆ جەوهەر، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی، بە زمانێکی توند وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە کە دەستدرێژییان کردە سەر گۆڕستانی کۆیە و بە دۆڕاو وەسفی کردن، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو کەسانە هێندە لاواز بوون توانای ڕووبەڕووبوونەوەی زیندووەکانیان نەبووە، بۆیە پەلاماری گۆڕی مردووەکانیان داوە.

لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی شیکردنەوەی بۆ دەروونی و ئامانجی ئەو کەسانە کرد کە گۆڕەکانیان شێواندووە، بە بڕوای ئەو، ئەم کارە قێزەونە باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی هەموو جیهان تێبگات کە بکەرانی ئەم تاوانە لە لوتکەی لاوازیدان، چونکە ترسنۆکییەکەیان وای لێ کردوون لەبری ئەوەی ڕووبەڕووی خەڵکی زیندوو ببنەوە، بچنە شەڕی کێل و بەردی سەر گۆڕەکان، بەمەش سەلماندیان کە مردووەکانی مەسیحی زۆر لەوان بەهێزترن.

ئانۆ جەوهەر ستایشی هەڵوێستی خێرا و یەکلاکەرەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، سەرۆکی حکوومەت و نووسینگەکەی ڕاستەوخۆ هاتنە سەر هێڵ و بەدەنگ دۆسیەکەوە هاتن، ئەو دڵخۆشیی خۆی و پێکهاتەی مەسیحیی دەربڕی بەرامبەر بڕیارە بەپەلەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ نۆژەنکردنەوەی تەواوی گۆڕەکان لەسەر ئەرکی حکوومەت، هەروەها بڕیاری دەستگیرکردن و ڕاپێچکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرا بۆ گێڕانەوەی ماف و شکۆ.

ئەم لێدوانەی سکرتێری هاوپەیمانیی مەسیحی (کە هاوکات وەزیری گواستنەوە و گەیاندنیشە لە کابینەی نۆیەم)، وەک پەیامێکی سیاسی و مەعنەوی دێت بۆ دڵدانەوەی مەسیحییەکان، جەختکردنەوە لەسەر لاوازیی بکەران و بەهێزیی مردووەکان، هەوڵێکە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت ترس و دڵەڕاوکێ لەناو مەسیحییەکاندا بڵاو ببێتەوە، بەڵکو ڕووداوەکە وەک نیشانەیەک بۆ شکستی تێکدەران وێنا بکرێت، نەک سەرکەوتنیان.

 

 
 

Fly Erbil Advertisment